ته‌نیایی
رۆحی من بێ ئیشه.. رۆحی من دڵۆپی باران‌و درزی خشته‌كان ده‌ژمێرێت.. جاری وا هه‌یه رۆحی من وه‌ك به‌ردی لاڕێكان تژییه له حه‌قیقه‌ت.. سوهراب سپهری
|
توانا ئه‌مین
ئه‌م وێبڵاگه بۆ.. بۆ ته‌نیایی..؟
راستی ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر بینیم كه له‌سه‌ر تۆڕی ئینته‌رنێت، جگه له‌و سایته ئه‌ده‌بی و فه‌رهه‌نگیییه گشتیانه‌ی من ده‌یانبینم، كۆمه‌ڵێكی هیجگار زۆر وێبلاگی تاكه‌كه‌سی هه‌یه، كه له‌ناو ئه‌وانه‌دا ژماره‌یه‌كیان هیجگار قه‌شه‌نگ و ناسكن، وێبلاگه‌كان وه‌ك سایته گشتییه‌كان خوێنه‌ر هه‌ناسه سوار ناكه‌ن و ره‌نگه دواجار لانه‌یه‌كی ئارم بن بۆ خوێنه‌رێكی شه‌كه‌ت..به هاندانی هاوڕێی ئازیزم {باران} بیرم له‌وه‌كرده‌وه منیش ماڵێكی بچوك، ژورێكی خنجیله له‌م هه‌رێمه بێسنوره‌ی ئه‌لكتروندا وه‌ربگرم.. جێگابوونه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی ته‌نیان له راستیدا له‌وه‌ها شوێنێكیشدا مه‌حاڵه...!
هه‌رچۆنبوو جارێ ئه‌م وێبڵاگه بچوكه‌مان خستۆته كار.. ئێوه‌ی ئازیز لێره‌دا ده‌توانن لانی كه‌م هه‌ندێك له‌نوسینه‌كانی من یان باشتر وایه بڵێم له خه‌یاڵاته‌كانی من ببینن.. به‌ڵێن به خۆم و به ئێوه‌ش له كوێدا تاقه‌تم لێی نه‌ما ده‌وه‌ستم..!
|
ئەم دوو چڵ ڕێحانەی "ژیان"ە، تا کەنگێ بۆنیان دێت؟!
بەرزان هەستیار
لە هەر جێیەک هەڵێ خورشیدی عیشقی گوڵ ڕوخان(مەحوی) ئەگەر عەقڵی ببێ ، لەو جێگە ئاونگی عەقڵ چبکا ؟! " مەحوی " لە ناکاو ، خۆم ئەدەم بە شووشەی باڵەخانەکەی مردنا و  ئەو درزێکیش ناکەوێتە نێوچەوانی و من وەک بێچووە کەنارییەکی ماندوو.... بە باڵی شکاوەوە بەرئەبمەوە سەر زەوی ، فوو ئەکەم لە کڵپەی وەحشەت و ئەو ، مێشێک نابێتە میوانی و من ، زیاتر ، بڵێسەی تەنیایی تاریکییم تیا هەڵئەکات ، لەگەڵ گۆڕ لە یەکدی ورد ئەبینەوە و من هیچی لێ حاسڵ ناکەم و ئەو ، لە خۆم بەڵەدتر ، پیاسە بە کووچەکانی خەیاڵما ئەکات ؛ بە خۆم ئەڵێم ، با هەموو شتێک وەلا نێین خۆمان تەیار کەین و گالیسکەیەکیش ئامادە ، دەرفەت بە ساتەکان نەدەین .... بە پێ دزکێ و بەبێ شەکرەبەفری ڕامووسان ،.... بە بەر چاومانا ڕەت بن و پاشانیش پێمان بڵێن خۆتان گەمژە بوون وەرە ، بەیانیان ژێر سەرینی ئەو شۆڕەژنانە بگەڕێین کە " ستیان " ، پڕی کردوون لە بۆنی مێخەکی مەمک نوێنەکانیشیان ، کانیی بخووردی ئاهە شێدارەکانی شەو ؛ وەختێتی ، ئێمەش ژێر بالیفەکانمان خاڵیی کەین لە چەقۆ.... تا شەیتان بە کەیفی خۆی زەفەرمان پێ بەرێت چەند خۆشن ،... ئەو شەڕە ساردانەی شەیتان ، بۆ گەرمبوونەوە ، چەند بەدبەختە ،... ئەوەی " ئاشتیی "یەکی مۆن نەگۆڕێتەوە ..... بە شەڕێکی دەستەویەخەی لێو زێڕین ****** شەپۆل لە کوێوە سنگ دەرپەڕێنێت بە سوپایەکی سەرچڵی پڕ تفاقەوە پێشی لێ ئەگرم و شەیپووری جەنگ ،….. ئەبێت لەسەر خاکی نیشتیمانەکەی منەوە بەرز بێتەوە ؛ سەرشۆڕییە ، سەراپات لە شەڕێکا سوور نەبێت کە" غەدر " سەنگەری تیا لە " بەرائەت " گرتبێت ، شەرمەزارییە ، بەردەوام ئەسپێکی شەل بم و سوارەکەم لە پێشبڕکێدا نا‌ئومێد کەم چەند شوورەییە بارانێکی لووت بەرز بم و دوعای بیابانێک ئاوێنەی غرورم نەڕووشێنێت درەختێکی قەرسیلیی بم و لە ئێوارەیەکی هەڵلەرزیوا .... خۆم لە بێ داڵدەیی باڵندەکان نەبان کەم ******* ئەم دوو بست تەمەنە بەشی چی تر ئەکات ، تیا شین بێت !؟ ئەم دوو چڵ ڕێحانەی " ژیان " بەرگەی چی تر ئەگرن !؟ چیم ماوە ، ئەیبەخشم بە عیشقێک ،.... کوێرانە خۆی بکات بە کۆشی ژنێکی تەنیادا و مەستانە ، قردێلەی .... پێشانگەی سەمایەکی باڵگرتووی بۆ بقرتێنێت ؛ خۆی بکات بە ژووری نسرمی کچێکی قەیرەدا و یەک پارچە ماڵەکەی بۆ پڕ کات لە گوڵ ئەستێرەی قسەی خۆش ، پەرداخی شەرابی .... بە وردە سەهۆڵی ماچێکی حەرامی ڕاونراو بۆ سارد کات ئەم دوو بست تەمەنە بەشی چی تیا ماوە ! ئەم دوو چڵ ڕێحانەی " ژیان " ە بۆنیان تا کوێ ئەڕوات ! تا کەنگێ بۆنیان دێت !؟؟ شوبات و مارت ومایسی 2008 ئەڵمانیا/ کۆلن |
, 12:46
,
2009/12/25
|
|
|
دواتر | په‌ڕه 9 له 82
| پێشوو
|
| |