عه‌زیز مه‌حموودپوور

له‌وانه‌یه هه‌م بۆ من و هه‌میش بۆ ئێوه باشتر وابێ پێش ئه‌وه‌ی که‌سێک من به ئێوه بناسێنێ بۆخۆم هێندێک سه‌باره‌ت به خۆم بدوێم. ئه‌وه‌ی مه‌علومه ئه‌وه‌یه که بڕیاره پاش بێنه و به ره‌یه‌کی زۆر که‌سێک بکوژم و پاشان شوێنی قه‌تڵه‌که به‌جێ بێڵم. ئه‌وه‌ی بۆچی و چۆناوچۆن ده‌بێ بیکوژم مه‌علوم نییه و له درێژه‌ی زه‌ماندا ڕوون ده‌بێته‌وه. ئه‌وه‌ی وا ڕوونه ئه‌وه‌یه که پێموایه پیاوێکی یان کوڕێکی بیست و چوار یان پێنج ساڵانم ، شه‌ست و نۆ کیلۆم و باڵام سه‌ت و حه‌فتا و چوار سانته و موی سه‌رم ڕه‌شێکی قه‌ترانییه و به پێچه‌وانه چاوبرۆ ڕه‌ش نیم، به‌ڵکو چاوم کاڵه و له زه‌مینه‌ی پێسته سپی و ناسکه‌که‌ی ڕوخسارم به باشی حه‌جماوه. که‌پۆم شوش و باریکه و لێوم که‌متاکورت گۆشتنه. سمێڵم سه‌یر به‌قه‌وه‌ته و دوو سوچه‌که‌ی له کۆتاییاندا به‌ره‌و یه‌کتر تێهه‌ڵ بوونه‌وه و هه‌ر ئه‌وه‌ش بۆته هۆی ئه‌وه هه‌یبه‌تێکی تایبه‌تم پێببه‌خشێ. به‌ینێکه پێمخۆشه کراس و پاتۆڵی خاکی له‌به‌ر که‌م و له سه‌رجه‌مدا قه‌ڵافه‌تێکی شوش و له‌بارم هه‌یه که قه‌راره کارێک که به خۆشم زانیارییه‌کی وام به سه‌ریدا نییه بۆ که‌سێک به ئاکام بگه‌یه‌نم.
ئه‌و که‌سه‌ی که له مێژ بوو نه‌یتوانیبوو به شتێکه‌وه سه‌رقاڵ بێت و منی له ئێواره‌یه‌کی ئاخر مانگی پاییزدا که تازه هه‌وه‌ڵ به‌فر باریبوو و له په‌نا کوره‌که‌یدا لاقی به دیواره‌وه هه‌ڵپه‌سێرابوو و به ئارامی تینی کوره‌که‌ی ده‌قۆسته‌وه به‌زه‌ین داهات. له کونی بچوکی کوره‌که‌ڕا ڕوانیبوویه بڵێسه‌ی شینی ئاور و کوت و پڕ هه‌ستی کردبوو له‌وانه‌یه بتوانێ کارێکی تازه به ئاکام بگه‌یه‌نێ. به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه ده‌توانم بڵێم ئه‌و ئه‌رکه له ده‌ست من نایه و له‌وانه‌یه نه‌توانم هیچ که‌س به ئاواتی خۆی بگه‌یه‌نم. ئه‌م بۆچونه‌م به پێی ئه‌و ڕابردووه زه‌مانییه‌یه که تێمپه‌ڕاندووه. له جومله‌ی ئه‌و چه‌ن ساڵه‌دا پێم شک نایه ته‌نانه‌ت به منداڵیش خوێنم له لوتی که‌سێک هێنابێ. هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌و ئه‌رکه‌ی وا قه‌راره بخرێته ئه‌ستۆم تا ڕاده‌یه‌ک نامۆ و یه‌کجاریش سه‌رسوڕ هێنه‌ره. ڕه‌نگبێ ئه‌و که‌سه‌ش وه‌ک هێندێک که‌سی دی فریوی قه‌فی سمێڵمی خواردبێ و پێی وابوو بێ من ئه‌و که‌سه‌م که ده‌بێ کارێکی بخرێته ئه‌ستۆ. به‌ڵام باشتر وایه که‌س فریوی سمێڵێک که سوچه‌کانی به چه‌شنێکی تایبه‌ت وێک هاتونه‌وه نه‌خوات. ئاخر من پیاوێکم که چه‌ن مانگ له‌وه پێش ته‌نانه‌ت چڵێکیشم سمێڵ نه‌بووه و هه‌موو به‌یانییه‌ک له‌گه‌ڵ ده‌م و چاو شتن ڕدێن و به‌دواشیدا سمێڵم تاشیوه و من به بیری بیست و چوار یان پێنج ساڵه‌ی خۆم نایه‌ته‌وه یادم سمێڵم بووبێ و ئه‌م خولیایه - سمێڵێکی قه‌وی - له پاش دیتنی فیلمێکی تلوزێن که کێبه‌رکێیه‌کی سمێڵ زلی له نێوان چه‌ن که‌سێکدا نیشان ده‌دا که‌وته دڵه‌وه. به‌وجۆره‌ی له فیلمه‌که‌دا دیار بوو چه‌ن که‌سێک به هۆی خه‌ڵاتێکی تایبه‌ته‌وه که پێشکه‌ش به نه‌فه‌ری ئه‌وه‌ڵ ده‌کرا سمێڵیان دانابوو و هی هه‌رکامیان درێژتر و پان و پۆڕتر و له هه‌مان کاتدا جیاوازتر با خه‌ڵاتی پێده‌درا. سمێڵی وات ده‌دی که له زه‌ینی خۆتدا بۆت لێک نه‌ده‌دراوه کابرا چلۆن توانیویه‌تی وه‌ها سمێڵێکی سه‌یر و سه‌مه‌ره پێک بێنێ و خه‌ڵاتی پێ وه‌ربگرێ! له نێو ئه‌و که‌سانه یه‌کی تێدا بوو که سمێڵی ئه‌و سه‌رنجی که‌سی ڕانه‌کێشابوو و ته‌نانه‌ت چ ڕۆژنامه‌وانێکیش عه‌کسی نه‌کێشا هه‌تا له ڕۆژنامه‌که‌یدا چاپی کات. ئاخر سمێڵی ئه‌و له چاو ئه‌و سمێڵه سه‌یر و سه‌مه‌رانه که درێژایی هێندێکیان ده‌گه‌یشته هه‌شتا و سێ سانتیمیتر، شتێک نه‌بوو که له چاو بدات.
سمێڵێکی ئاسایی بوو که هه‌رتک جه‌مسه‌ره‌کانی به شێوه‌یه‌کی عه‌جیب به‌ره‌و لای یه‌کتر تێهه‌ڵ ببوونه‌وه و له نزیکڕا ده‌تکوت هه‌رتک جه‌مسه‌ره‌کان پێکه‌وه لکاون و به‌و چه‌شنه جه‌غزێکیان له مووی زه‌رد پێک هێنا بوو. شکڵی تایبه‌تی ئه‌و سمێڵه که نه‌یتوانیبوو چ سه‌رنجێک بۆ لای خۆی ڕاکێشێ، منی که به عومراتی خۆم کابرای ساحه‌بیم نه‌دیبوو و نه‌ده‌ناسی و نه‌مده‌زانی خه‌ڵکی چ وڵاتێکه ئالوده‌ی خۆی کرد و وای لێ کردم سمێڵ دانێم و ئه‌و سمێڵه‌ی ئێستام به‌رهه‌می به‌یانی چه‌ن مانگ له‌وه‌پێشه که بڕیارمدا سمێڵێک دانێم که به شێوه‌یه‌کی تایبه‌ت هه‌رتک جه‌مسه‌ره‌کانی تێک چڕژابێتن و یه‌کیان گرتبێته‌وه. سمێڵێک که پاش دوو مانگ و یازده ڕۆژ بووه ئه‌و شته‌ی وا من ده‌مویست. دوو مانگ پاش ئه‌وه‌ی سمێڵم دانا بۆم ده‌رکه‌وت ئه‌م قه‌ڵافه‌ته نوێیه - یانی به سمێڵه‌وه- هه‌لی تازه و هه‌ر به‌و پێیه‌ش ده‌رفه‌تی زۆر سه‌یری بۆ پێک هێناوم. به بێ ویستی خۆم سه‌رنجی زۆر که‌سم بۆ لای خۆم ڕاکێشابوو و زۆر نیگام ده‌دی که به جه‌مسه‌ری سمێڵمه‌وه که خه‌ریک بوو ته‌واو یه‌کیان ده‌گرته‌وه هه‌ڵواسراوه و به هیچ کلۆجێک بۆیان لێک نه‌ده‌دراوه که ئه‌وه منم که بوومه خاوه‌نی وه‌ها سمێڵێکی تایبه‌ت. یه‌کێک له‌و چاوانه‌ی سه‌یر سمێڵمی بۆ ببووه پرسیار، کچێکی شازده، حه‌ڤده ساڵان بوو که پێم وابوو ماڵه‌که‌یان دوو کۆڵان له سه‌روی ماڵی ئێمه‌وه‌یه. پێشتر دیبووم که به بێ ئه‌وه‌ی حه‌میه‌تێکم داتێ له خۆباییانه به کۆڵانه‌که‌ماندا تێده‌په‌ڕی.
قه‌ڵافه‌تی چ شتێکی تایبه‌تی تێدا نه‌ده‌بیندرا و ڕوخسارێکی یه‌کجار ئاسایی هه‌بوو. وه‌ختایه‌ک له حاندت تێده‌په‌ڕی ئه‌و وێنه‌یه‌ی وا له زه‌ینتدا به جێی ده‌هێشت وێنه‌ی کچێک بوو که هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گه‌یشته حاستت ملی هه‌ڵدێنا و وای ده‌نواند بیری له جێیه‌کی دییه. به‌ڵام پاش ئه‌و دوو مانگه دیبووم سمێڵم بۆی بۆته پرسیار و هه‌موو جارێک که به کۆڵاندا تێده‌په‌ڕی تا ماوه‌یه‌ک نیگای به جه‌مسه‌ری سمێڵمه‌وه هه‌ڵده‌واسی و جا ڕاده‌بورد. پێم سه‌یر بوو و به ئاشکرایی ده‌مدی کچه ڕۆژ له‌گه‌ڵ ڕۆژ پتر له حاند سێڵم له‌نگه‌ر ده‌گرێ و تێی ڕاده‌مێنێ. هه‌تا ئه‌و جێیه‌ی ڕۆژێک که پێموایه پاش نیوه‌ڕۆیه‌کی نێوه‌ڕاست مانگی پاییز بوو، هات به‌رامبه‌ر به من ڕاوه‌ستا و کوتی:«ببه‌خشن، ده‌توانم ده‌ستێک به سمێڵتاندا بێنم؟» من که به ته‌واوه‌ت سه‌رم سوڕ مابوو و نه‌مده‌زانی ده‌بێ چبکه‌م، بێ ئیختیار چاوم له سه‌ر یه‌ک دانا و هه‌ستم به خشانی ده‌ستی له سه‌ر سمێڵم کرد. ته‌زوویه‌کی سارد مچوڕکی پێداهێنام و هه‌ستێک که ئێستاش بۆم له زمان نایه له دڵمدا پشکوت. وه‌ختایه‌ک چاوم هه‌ڵێنا دیتم به‌تاقی ته‌نێ له به‌ر ده‌رکه‌ی خۆمان ڕاوه‌ستاوم و چاوم له دیواری به‌رامبه‌ر خۆم بڕیوه. چڵ به چڵی سمێڵم شوێنی ناسکترین په‌نجه، که تا ئێستا به سه‌ر هیچ سمێڵێکدا نه‌خشابوو، پێوه دیار بوو. هه‌ستم ده‌کرد له‌وه به‌دوا ئه‌وه‌ی ڕوو بدا له سایه‌ی سمێڵێکه‌وه‌یه که جه‌مسه‌ره‌کانی به شێوه‌یه‌کی یه‌کجار تایبه‌ت وێک هاتوونه‌وه. ئێستا هه‌ر وه‌خت ڕیشم ده‌تاشی پترم شانازی به سمێڵمه‌وه ده‌کرد. ده‌ستێکی چه‌ورم پێدا دێنا و له تروسکانه‌وه‌یان خه‌نی ده‌بووم. به لێوم قه‌راغ و قوڵاغه‌که‌یم تێک ده‌کرده‌وه و به زمانم سوچه‌کانیم به‌ره‌و لای یه‌ک ڕاده‌دا و ساعه‌ت های ساعه‌ت له به‌ر ئاوێنه لێی ورد ده‌بوومه‌وه و به ناخی چڵه‌کانیدا ڕۆده‌چووم. کچه هه‌موو ڕۆژێ جه‌نگه‌ی نیوه‌ڕۆ به کۆڵانه‌که‌ماندا تێده‌په‌ڕی. هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گه‌یشته حاندم ئیستێک له سمێڵم ڕاده‌ما و ڕوخساری ئاڵ و گۆڕێکی به سه‌ر داده‌هات که ده‌رنه‌ده‌که‌وت له چی ده‌دوێ.
هه‌ربۆیه ڕۆژێک ئه‌و کاته‌ی کچه به کۆڵانه‌که‌ماندا تێده‌په‌ڕی، له پشت درگا خۆم مات دا و له کونی بچوکی درگاکه‌وه، هه‌ناسه‌سوار له کۆڵانم ڕوانی. کوت و پڕ کونه‌که ڕه‌ش هه‌ڵگه‌ڕا. به خۆی بوو. له نێوه‌ڕاستی کۆڵانه‌که ڕاوه‌ستابوو و له ده‌رکه‌که‌ی ئێمه‌ی ده‌ڕوانی. پاش تاوێک ڕۆی. ڕۆژی دواتریش هه‌ر به‌م شێوه‌یه خۆم له بن درگا مه‌ڵاس دا. ئه‌و جار کچه ماوه‌یه‌کی زۆرتر له به‌ر ده‌رکه‌ی ئێمه وێسته‌ی گرت. هه‌ستێکی سه‌یر هانی ده‌دام ڕۆژ له دوای ڕۆژ خۆم له بن ده‌رکه مات که‌م و چاوم به کونی ده‌رگاکه‌وه بنووسێنم. هه‌ر واشم کرد. هه‌تا ڕۆژێک چاوم لێ بوو گلێنه‌یه‌کی ڕه‌ش له کونه‌که نێزیک بۆ‌وه. به سرته‌وه کوتی:«خۆت له چی مات داوه؟» من به شه‌رمه‌زارییه‌وه درگام کرده‌وه. کچه به بێ ئه‌وه‌ی هۆشی له لای من بێ، چاوی بڕیبووه سمێڵم. ده‌ستی بۆ درێژ کرد و منیش له ئانێکدا ڕاپێچه‌کم دا ژورێ و سمێڵم له کوڵمه‌ی خشاند. له نێو مشه‌مش و خشه‌خشی به ئاسته‌می سمێڵم سه‌ر کوڵمه‌کانیم هه‌ڵده‌مژی و ئه‌ویش چاوی نابووه سه‌ریه‌ک و نه‌رم نه‌رم ده‌تریقاوه. سمێڵم قرژ ببوون و له‌شم مچوڕکی پێدا ده‌هات. کوت و پڕ کچه وه‌ک ئه‌وه‌ی به دوو که‌سان ڕای کێشن، ده‌رپه‌ڕییه ده‌رێ. من مامه‌وه و درگایه‌کی ئاواڵه و سمێڵێکی داچۆڕاو. هه‌رتک له‌پی ده‌ستم کرد به سمێڵ کرۆشتن و درگاکه‌م پێوه‌دا. زۆر ڕۆژ بیره‌وه‌ری ئه‌و چه‌ن چرکه‌یه‌م له زه‌ینمدا هێنا و برد و بۆم ده‌رکه‌وت خۆشترین ته‌جره‌به‌ی ژیانم هه‌ر ئه‌و چه‌ن چرکه‌یه بووه. ته‌جره‌به‌یه‌ک که وێ نه‌ده‌چوو دووپات ببێته‌وه. ئاخر له پاش ئه‌و ڕۆژه‌وه ئه‌وه‌نده‌ی له به‌ر ده‌رکه ڕاوه‌ستام، کچه به کۆڵانه‌که‌ماندا تێ نه‌په‌ڕی. پێم سه‌یر بوو. هه‌موو ڕۆژێ جه‌نگه‌ی نیوه‌ڕۆ له سه‌ری کۆڵان وه‌ده‌ر ده‌که‌وت و به بێ ئه‌وه‌ی چاوه‌چاو بکات یان مل بۆ لایه‌ک وه‌رسوڕێنێ به‌ره‌و سه‌رێ هه‌ڵده‌کشا. به متمانه‌وه هه‌نگاوی هه‌ڵدێناوه. مه‌ودای کۆڵانی ده‌بڕی هه‌تا ده‌گه‌یشته حاندم، ئه‌وجار له‌خۆباییانه هێندێکی مل هه‌ڵدێنا و تۆزێکی نێوچاوان تێکده‌نا و- وای ده‌نواند که بوونی من له به‌ر ده‌رکه وه‌ها حاڵه‌تێکی تێدا به‌دی دێنێ - پاشماوه‌ی کۆڵانه‌که‌ی به چه‌ن شه‌قاوێکی خێراتر ده‌بڕی. ئه‌و جار ده‌سته ڕاست به بێ ئه‌وه‌ی ئاوڕ بداته‌وه، وه‌رده‌چه‌رخا و له چاوان ون ده‌بوو. له ماوه‌ی دوو مانگدا ئه‌م وێنه‌یه به بێ ئه‌وه‌ی ئاڵ و گۆڕێکی به‌سه‌ر دابێ دووپات بۆ‌وه.
هه‌تا ڕۆژێک چاوی به سمێڵم که‌وت و هه‌نگاوه پڕ له متمانه‌کانی سستییه‌کی نادیاریان تێوه‌گلا. گنجی نێوچاوانی بۆ ئانێک لێک ترازان و سه‌ر له نوێ هه‌موو شتێک چۆوه دۆخی خۆی. هه‌ر له‌دوای ئه‌و ڕۆژه، سمێڵم بۆی بووه نهێنی و ئێستاش که چه‌ن ڕۆژێک بوو چ سۆراغێکی نه‌بوو، ئه‌و ورده دیمه‌نانه‌م لێ زیندوو ببوونه‌وه و نه‌مده‌زانی چی ڕووی داوه. ده‌مزانی خه‌ڵکی گه‌ڕه‌کی خۆمانه به‌ڵام دڵنیا نه‌بووم ماڵه‌که‌یان کێهایه. بێگومان دڵنیایی له‌و وشانه‌یه که ده‌بێ زۆر به پارێزه‌وه له گه‌ڕه‌کی ئێمه له کار بکرێت. ئاخر لێره هه‌رکه‌س به کاری خۆیه‌وه سه‌رقاڵه و که‌س له کاری که‌س ناکۆڵێته‌وه. له‌وانه‌یه من یه‌که‌م که‌س بم که ده‌یهه‌وێ هێندێک زانیاری سه‌باره‌ت به کچێک که به شێوه‌یه‌کی تایبه‌ت به‌ڕێدا ده‌ڕوا به‌ده‌ست بێنێ. هه‌ر بۆیه‌ش به بێ ئه‌وه‌ی سه‌رنجی که‌سێک ڕاکێشم، ئه‌و چه‌ن ماڵه‌ی له سه‌روی ماڵی ئێمه‌وه بوون خسته ژێر چاوه‌دێری. به‌ڵام به چ ئاکامێک که نیشانه‌یه‌ک له کچه‌ی پێوه دیار بێ نه‌گه‌یشتم. سه‌یر بوو. ده‌تکوت ماڵه‌کان که‌سیان تێدا نییه. ببووه دڵۆپێ ئاو و ڕۆچووبووه عه‌رزی. به‌ڵام ڕاست له‌و جه‌نگه‌یه‌دا که هیوابڕاو ببووم و چ بڕوایه‌کم به سمێڵم و جه‌مسه‌ره‌کانی نه‌مابوو، چاوم به دیمه‌نێکی سه‌یر که‌وت. له ڕاستیدا سه‌یرترین دیمه‌نێک که تا ئه‌و ده‌م دیبووم. جه‌نگه‌ی نیوه‌ڕۆ بوو، له‌به‌ر ده‌رکه‌ی خۆمان ڕاوه‌ستا بووم و بیرم له تاشینی سمێڵم ده‌کرده‌وه- ته‌نانه‌ت تیغم خستبووه سه‌ر چه‌قۆی ڕیشتاشینه‌که‌م و خستبوومه گیرفانمه‌وه- که چاوم به کچه که‌وت. قۆڵی خستبووه قۆڵی کابرایه‌ک و نه‌رم نه‌رم به‌ره‌و سه‌رێ هه‌ڵده‌کشا. وه‌ختایه‌ک گه‌یشتنه حاندم، ئه‌وه‌نده‌ی دیکه‌ش سه‌رم سوڕما. له‌و کاته‌دا ته‌نیا شتێکی به شێوه‌یه‌کی یه‌کجار نائاسایی سه‌رنجی ڕاکێشام، نه‌ک کچه به‌ڵکو سمێڵی ئه‌و کابرایه بوو. ته‌ح. ئێستاش هه‌ر پێم سه‌یره. به عومراتی خۆم سمێڵی له‌و چه‌شنه‌م نه‌دیبوو. ته‌مه‌نی چل ساڵ ده‌بوو. قه‌ڵافه‌تێکی چوارشانه و تێک سمڕاوی هه‌بوو. سه‌رمه‌ستانه قۆڵی خستبووه قۆڵی کچه و به هێمنی و دڵنییاییه‌کی سه‌یره‌وه هه‌نگاوی ده‌نا. له گه‌ڵ هه‌ر هه‌نگاوێکی هه‌ڵی دێناوه کرپه‌کرپێکی سه‌یر له‌و گه‌رداڵه به‌فره‌ی نیشتبووه سه‌ر عه‌رز هه‌ڵده‌ستا. نازانم ئه‌و به‌فره که‌نگێ باریبوو. سمێڵێکی ماش و برینجی وه‌ک دوو لۆ گوریسی به قه‌وه‌ت، خۆیان لێک کێشابۆوه و به هه‌یبه‌ته‌وه له سه‌ر لێوه گۆشتنه‌که‌یه‌وه خۆیان ده‌نواند.
به دیتنی ئه‌و سمێڵه خورپه‌یه‌ک که‌وته دڵمه‌وه و زمانم به مه‌ڵاشومه‌وه نووسا. کچه به بێ ئه‌وه‌ی ئاگای له ده‌ور و به‌ری خۆی بێ، سه‌ری خستبووه سه‌ر شانی کابرا و به حه‌سره‌ته‌وه له‌و گوریسه ماش و برینجییه‌ی ده‌ڕوانی. هه‌ڵاتمه ژوورێ و ئاوێنه‌یه‌کم ده‌ست دایه. هه‌ستم به شکستێکی تاڵ ده‌کرد. سمێڵم جه‌مسه‌ره‌کانی وه‌ک قه‌یسییه‌کی نه‌گه‌یو وێک هاتبوونه‌وه. ئاوێنه‌م فڕێ‌دا و هه‌ڵاتمه ده‌رێ. دیار نه‌بوون. به هه‌ڵه‌داوان وه‌دوویان که‌وتم. دوو کۆڵان له سه‌روی ماڵی خۆمانه‌وه له‌به‌ر ده‌رکه‌ی ماڵێک ڕاوه‌ستابوون و چاوه‌ڕوان بوون ده‌رکه‌یان لێ بکه‌نه‌وه. لێیان کردنه‌وه و چوونه ژوورێ. من مامه‌وه و کۆڵانێکی چۆڵ و هۆڵ. هه‌ستم ده‌کرد ده‌بێ هه‌وه‌ڵ ڕۆژه‌کانی زستان بێ و به‌فر کلوکلو داده‌بارینه خوارێ. گه‌رم داهاتبووم و هه‌ستم به ساردی ئه‌و کلوه به‌فرانه‌ی به سه‌رمدا داده‌بارین نه‌ده‌کرد. لاقم له به‌ست چووبوون و بڕست ڕۆیشتنیان نه‌بوو. بێت‌و بشڕۆیشتبام نه‌مده‌زانی ڕوو له کوێ بکه‌م. به بێ وازییه‌وه هێندێکم خۆ ته‌کاند و ڕووم له لای ماڵێ کرد. به‌ڵام له ناکاو تاسێک به‌سه‌رمدا هات و چه‌قۆی ڕیش تاشینه‌که‌م توند له مستمدا کوشی و گه‌ڕامه‌وه. باوی لاقم خۆش کرد و درگای ماڵی کچه‌م کوتا. پاش ماوه‌یه‌ک درگا کراوه. کچه له چوارچێوه‌ی درگاکه‌دا قه‌تیس مابوو. زمانم له گۆ چووبوو. ده‌نگێک که پێموایه ده‌نگی کابرا سمێڵ قه‌ویه‌که بوو کوتی:«کێیه نازدار؟» به بیستنی نێوی کچه ته‌زوویه‌ک به ده‌رونمدا تێپه‌ڕی و له‌شم وه‌سه‌ر ئاره‌ق گه‌ڕا. نازدار کوتی:«نازانم!» منیش سه‌رم داخست و پاشه‌وپاش به بێ ئه‌وه‌ی له‌بزم بگه‌ڕێ گه‌ڕامه‌وه. ئێستا چه‌ن هه‌نگاو نه‌ڕۆیشتبووم که نه‌فه‌رێک شانی ڕاتڵه‌کاندم. ئاوڕم داوه. بۆخۆی بوو. کابرای سمێڵ قه‌وی. نێوچاوانی تێک نابوو. کوتی:«کارێکتان هه‌بوو؟» منیش کوتم:«نا، بۆ ده‌بوو کارێکم هه‌بێ؟» به بێ ئه‌وه‌ی وڵامم بداته‌وه، ئه‌وه‌نده‌ی هێزی تێیدابوو زلله‌یه‌کی له بنا گوێم سره‌واند. کاسه سه‌رم زرینگاوه و گوێم پڕ بوو له هازه‌هاز. چاوم له ڕه‌شه‌وه هات. چاوم له نازدار بڕی. له به‌ر ده‌رکه کوشک هه‌ڵاتبوو و لێوی ده‌گه‌ستن. بوغزێکی تاڵ له ئه‌وکم هاڵابوو و هه‌ستم به خنکان ده‌کرد. نازانم بۆ به‌ڵام ده‌ستم به بێ ویستی خۆم چوو بۆ گیرفانم. چه‌قۆی ڕیش تاشینه‌که‌م ده‌رهێنا و به‌لا ملی کابرامدا هێنا. خوێن بازره‌قه‌ی به‌ست و به لادا هات. نازدار به هه‌ڵه‌داوان خۆی گه‌یاندێ و به سه‌ری خۆی دادا و سه‌ری له‌سه‌ر ڕانی دانا و نه‌ڕاندی:«مامه‌گیان، له‌ده‌وری سمێڵه سوورهه‌ڵگه‌ڕاوه‌کانت گه‌ڕێم. مامه، مامه...» ده‌ستم به چه‌قۆکه‌وه ویشک هه‌ڵاتبوو. خوێن له لاملی کابراوه بازره‌قه‌ی ده‌به‌ست به‌سه‌ر ڕوخسار و لاملیدا داده‌ڕژایه سه‌ر عه‌رزی و به‌فره‌که‌ی دڕ ده‌دا و داده‌کشایه خوارێ. له جێی خۆم چوخسابووم و نه‌مده‌توانی په‌ل ببزێوم. بۆ جارێکی دیکه له سمێڵیم ڕوانی. ببوونه دوو لۆ گوریسی خوێناوی که جه‌مسه‌ره‌کانی خوێنی لێده‌چۆڕا. سه‌رم له گێژه‌وه ده‌هات و لۆژه‌لۆژ ڕووم له ماڵێ کرد. نه‌فه‌رێک له ته‌نیشتمه‌وه تێ په‌ڕی و سڵاوی لێ کردم، به‌ڵام من نه‌مناسی. چوومه ژوورێ و به‌رامبه‌ر به ئاوێنه ڕاوه‌ستام. چه‌قۆکه‌م هه‌روا له ده‌ست دابوو. خوێنه‌که‌ی پێوه ویشک هه‌ڵاتبوو. ده‌ستێکی ته‌ڕم به‌سمێڵمدا هێنا و ده‌ستم کرد به تاشینی.
|