ته‌نیایی - ستاییشی سرووشت
ته‌نیایی
رۆحی من بێ ئیشه‌.. رۆحی من دڵۆپی باران‌و درزی خشته‌كان ده‌ژمێرێت.. جاری وا هه‌یه‌ رۆحی من وه‌ك به‌ردی لاڕێكان تژییه‌ له‌ حه‌قیقه‌ت.. سوهراب سپهری
توانا ئه‌مین


ئه‌م وێبڵاگه‌ بۆ.. بۆ ته‌نیایی..؟

راستی ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر بینیم كه‌ له‌سه‌ر تۆڕی ئینته‌رنێت، جگه‌ له‌‌و سایته‌ ئه‌ده‌بی ‌و فه‌رهه‌نگیییه‌ گشتیانه‌ی من ده‌یانبینم، كۆمه‌ڵێكی هیجگار زۆر وێبلاگی تاكه‌كه‌سی هه‌یه‌، كه‌ له‌ناو ئه‌وانه‌دا ژماره‌یه‌كیان هیجگار قه‌شه‌نگ و ناسكن، وێبلاگه‌كان وه‌ك سایته‌ گشتییه‌كان‌ خوێنه‌ر هه‌ناسه‌ سوار ناكه‌ن و ره‌نگه‌ دواجار لانه‌یه‌كی ئارم بن بۆ خوێنه‌رێكی شه‌كه‌ت..به‌ هاندانی هاوڕێی ئازیزم {باران} بیرم له‌وه‌كرده‌وه‌ منیش ماڵێكی بچوك، ژورێكی خنجیله‌ له‌م هه‌رێمه‌ بێسنوره‌ی ئه‌لكتروندا وه‌ربگرم.. جێگابوونه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی ته‌نیان له‌ راستیدا له‌وه‌ها شوێنێكیشدا مه‌حاڵه‌...! هه‌رچۆنبوو جارێ‌ ئه‌م وێبڵاگه‌‌ بچوكه‌مان خستۆته‌ كار.. ئێوه‌ی ئازیز لێره‌دا ده‌توانن لانی كه‌م هه‌ندێك له‌نوسینه‌كانی من یان باشتر وایه‌ بڵێم له‌ خه‌یاڵاته‌كانی من ببینن.. به‌ڵێن به‌ خۆم و به‌ ئێوه‌ش له‌ كوێدا تاقه‌تم لێی نه‌ما ده‌وه‌ستم..!



trade schools
میوانانى‌ ته‌نیایی

ستاییشی سرووشت

 

ڕێبوار سیوەیلی

 

sمن باسی سرووشت لەلای فەیلەسووفەکان ناکەم، بەڵکو باسی سرووشتی سادەی دەوروبەری مرۆڤی ئاسایی دەکەم، کە پێشئەوەی فەیلەسووفەکان سەرهەڵدەن و تەفسیر و تێگەیشتنی قووڵ لەبارەی پەیوەندیی سرووشت و مرۆڤەوە بخەنە ڕوو، هەم سرووشت هەبووە و هەم مرۆڤ و هەم پەیوەندیی نێوانیان. بەڵام ئێستا لە ژیانی مرۆڤی کۆمەڵگایەکی وەک ئەوەی ئێمەدا، دەکرێ بپرسین ئێمە چ پەیوەندییەکمان بە سرووشتەوە ماوە، یان چی لە ژیانی ئێمەدا سرووشتیە؟ ڕۆژگارێک ئێمە لە باوەشی سرووشت و سەرمەست بووین بە دیمەن و فۆرمە سرووشتیەکان، ڕۆژگارێک سرووشت بە ئەندازەیەک کاریگەریی لەسەر ژیانی ئێمە هەبوو کە ڕەنگدانەوەکانی لە هەموو لایەنەکانی ژیانماندا دەبینرا. گەڕیدە و مرۆڤناسە بیانییەکان، ئێمەیان بە سرووشتیترین نەتەوەی ئەم ناوچەیە ناوزەد کردووە و ئێمەش لە داهێنان و پرۆسەی کەلتوورسازی خۆماندا هاوتەریب لەگەڵ سرووشتی سرووشت خۆیدا، ئەوەندە کارامەیی و سەلیقەمان نواندبوو، کە جێی سەرسووڕمانە. تۆ وەرە و بیهێنەرەوە پێشچاو، کە چۆن خەیاڵی سرووشتیانەی ئێمە توانیویەتی لە شووڵی دار بی و قامیش و زەل، دەفر و نانەشانە و قووڵینە و قرتاڵە و سەبەتە و تەیمان و شەپقە و لانک و لەیلووکی منداڵان دروستبکات.

لە پەلی درەختی چەند لادا دەستی درێژکراوەی خۆی بینیوە و شەن و دوولکی دروستکردووە و بەهۆیانەوە لە هاویندا (کا)ی بەباداوە و لە زستاندا گەڵای لە درەختان هێناوەتە خوارەوە تا بیکاتە بەر ئاژەڵان. من سەرم دەسووڕمێ چۆن ئەم خەیاڵە سرووشتیە، توانیویەتی بگاتە ئەوەی جۆرەکانی قووڕ لێکجیابکاتەوە و لەناویاندا قووڕی سوور هەڵبژێرێ و بە تێکەڵکردنی لەگەڵ مووی ئاژەڵ و کا، جوانترین و مەحکەمترین دیوار و خانوو دروست بکات، بەبێ ئەوەی بچووکترین مەعریفەی ئەندازیاری بزانێ جگە لەوەی لە ئەندازەی سرووشت خۆیەوە فێری بووە. هەڵپەڕین و مۆسیقای ئێمە پڕن لە سرووشت و ئیقاع و دەنگەکانی، هەروەکچۆن گۆرانی و ئاواز و لاواندنەوەکانی مردووبەڕێکردن و سەماکانی منداڵبوون ڕیتمی سرووشتیان لێدەبارێ. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمڕۆ لە جیاتی هەڵپەڕین، قاچمان تێکدەئاڵێ و لەجیاتی پێکەنین بەدەم منداڵبوونێکەوە، ناسۆر داماندەگرێ.

بەمجۆرە پەیوەندیی ئێمە بە فەزاوە، بە ئاژەڵەوە، بە خاک و ئاو وەرزەکانەوە پەیوەندییەکی ئەوەندە سرووشتیانە بووە، کە وا بزانرێ کەلتووری ئێمە، درێژکراوەی سرووشتی دەوروبەری ئێمەیە. کەپر و ماڵ و فەزای ژیان، خواردن و جوڵەمان، گشتیان بە گونجان لەگەڵ سرووشتدا مەیسەر بوون، شتێ کە لە ئێستادا دەگمەن و نەشیاوە. ئێمە لە ئێستادا بۆخۆمان بەتەنیا دەژین و ئاگامان لە سرووشت نەماوە، ناشزانین سرووشت لە کوێی ژیانماندایە و تادێت ڕەنگدانەوەکانیشی لە ئەزموونەکانماندا کاڵ و کاڵتر دەبنەوە. لە مەعریفەتناسی سرووشتیانەی ئێمەدا، هەمیشە کەموکوڕییەک هەبووە بەبێ ئەوەی بزانین و دەرکی پێبکەین، ئەویش بریتیبووە لە نەزانیمان بەرامبەر بە جیابوونەوە لە سرووشت. بێئاگایی لەوەی ڕۆژگارێک سرووشت بەجێمان دەهێڵێ و لێمان دوور دەکەوێتەوە و تەنیا و تووڕەمان دەکات، بەشێکە لە کەموکوڕی زانینمان لەبارەی سرووشت و پەیوەندییەکانی بە خۆمانەوە. تووڕەیی و توندو تیژی ئێمە هەم پەرچەکردارە بەرامبەر ئەو جیابوونەوەیە و هەم نیشانەی بێتواناییمانە لە داهێناندا. مرۆڤێ کە لە داهێنان دەکەوێ، لەگەڵ سرووشتی خۆیدا کەوتۆتە ناکۆکییەوە و لە سرووشتی دەوروبەریشی دوور کەوتۆتەوە و ئیتر لەپەرچەکرداری ئەمەشدا تووڕە و هەراسان و نامۆ دەبێت. ئەو دەمەی سرووشت لە ژیانماندا نامێنێ، هارمۆنی و هاوسەنگیمان تێکدەچێت و ئەو وزەیەی لە سرووشتەوە وەرماندەگرت، هەڵدەگەڕێتەوە بۆ وزەیەکی وێرانکاری و تێکدەرانە.

بۆیە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆکە و لە ئەزموونی ژیانی تایبەتماندا چەندە ئاوەدانکردنەوەی کەلتووری دەبینرێ، ئەوەندەش زیاتر وێرانکردنی سرووشت و تێکدانی پەیوەندیی نێوانمان و لێرەشەوە مەودای دوورکەوتنەوەمان لە داهێنان زیاتر و زیاتر دەبێ و نزیکبوونەوەشمان لە خۆ وێرانکردن و ناهاوسەنگیی، خێراتر باوەشمان بۆ دەکاتەوە. ئێمە تا دێت، دەچینە جیهانێکەوە کە لەڕووی کاتەوە پێشکەوتووترە لەو ژیانە میراتییەی کە هێشتا لە سرووشت جیا نەببووینەوە، بەڵام لە ڕووی مەعنەویەوە هەژارترین و پێدەچێت هێنانەوەی ڕەهەندە ڕۆحیی و مەعنەویەکەمان بۆناو ئەم ژیان و ئەزموونەی ئێستا، کە زۆر دژی بەهاکانی سرووشت و ڕۆحە، ئەستەم بێت. بەم مانایەش ئێمە چووینەتە ناو تەنیاییەکی قووڵترەوە، کە هیچ داهێنانێک تیایدا ڕوونادات، ئەگەرچی مەرجی یەکەم بۆ داهێنان، تەنیاییە.

وا بیردەکەمەوە، هەروەکچۆن پشتکردنە سرووشت و هاوسەنگی، خەیاڵە ڕێییەک بوو بۆ گەیشتن بە جیهانی مۆدێرن و ئاڵۆزییەکانی و پێینەگەیشتین، ئاواش بۆ چوونە ناو جیهانێکی فراوانترەوە، بۆ بوون بە مرۆڤێکی جیهانی و گەردوونی، پێویستیمان بەوەیە لە دەرگای بەها بەخشینەوە بە سرووشت، بچینەوە ژوورەوە. ئەمڕۆ سرووشت بەدەر لەوەی سرووشتی زیندووە یان بێدەنگ، سرووشتی دەوروبەری مرۆڤی ئاساییە، یان سرووشتی ناو چەمک و سەری فەیلەسووف و شاعیرەکان، سرووشتی دەستکردی ناو پارک و دارستانەکانە، یان سرووشتی خۆڕسکی بنار چیا و دەشتاییەکان، یان هەرکامێ لەمانە و هەموویان پێکەوە، بەهایەکی مەزنە لە دنیای مۆدێرندا و ئاگایی و ڕۆشنبیریی لەبەرامبەر سرووشتدا، ئاگایی مرۆڤێکی مۆدێرنە، کە فڕێدانی قتوویەکی بیپسی بەڵیەوە بەهەمان ئەندازە تاوانە وەک تەقاندنەوەی بۆمبایەک.

مرۆڤی مۆدێرن، هەرچەندە لەسرووشت نامۆ بووە و لە سرووشتیش دوور کەوتۆتەوە، بەڵام هووشیارییەکی ئەقڵانیی بەرامبەر بە گرنگیی سرووشت بۆ ژیانی مرۆییمان هەیە، کە بەراوورد ناکرێ بە کۆی ئەو هۆشیارییەی گشت ڕەگەزی مرۆڤایەتی لەبارەی سرووشتەوە تا ئێستا کۆیکردۆتەوە. هەڵوێستی مرۆڤی مۆدێرن لە ئاست سرووشتدا، هێندەی هەڵوێستی پەرستیارێک بێت بۆ پەرستراوەکەی خۆی، هەڵوێستی ئەقڵانیی مرۆڤێکە لەبەرامبەر سەرچاوەکانی بوونی هاوبەشی مرۆییماندا. هیچ دەستەیەکی مرۆیی پێش سەرهەڵدانی مرۆڤی مۆدێرن، نەیتوانیوە سرووشت وەک خەمێکی هاوبەش، کە مەزنترە لە خەونی ئایین و نەتەوە و ئایدۆلۆژیا و دەوڵەت، بەرجەستە بکات و لە ڕوانگە ئەقڵانیەکەی خۆیەوە، پاساو بۆ پاراستنی و خەبات بۆ هێشتنەوەی بکات. بەمجۆرەش بەڵی مرۆڤی مۆدێرنی هۆشمەندەوە، پاراستن و ڕێزگرتن لە سرووشت، کەمتر نیە لەو خەبات و قوربانیدانەی نەوەکانی پێشتر لە پێناو بەها ئایدیۆلۆژییەکاندا دەیانکرد و دەیانبەخشی. مەعریفەتناسی مرۆڤی مۆدێرن بەرامبەر بە سرووشت، مەعریفەتناسییەکە، مرۆڤ لە چوارچێوە و پێگەیەکی جیهانیتر و گشتیتردا دەناسێنێ و شوناسی مرۆڤبوونەکەی لە شوناسێکی لۆکاڵیانەوە دەکاتە شوناسێکی گەردوونیتر. بێگومان مەبەستی من ئەوە نیە کە بڵێم خەباتکردن بۆ سرووشت، جێگرەوەی خەباتکردنە لە پێناوی بەها سیاسیەکان و نەتەوە و نایەکسانی و نادادوەرییەکان، چونکە هەمان ئەو هۆکارانەی لە پشت خەباتی نەتەوایەتی و لە پشت هێشتنەوەی ناعەدالەتییەوەن، هەمان هۆکار و سەرچاوەشن بۆ زوڵم و ستەم بەرامبەر بە سرووشتیش، بەڵکو مەبەستمە بڵێم خەباتکردن بۆ سرووشتیش خەباتێکی سیاسیانە و بەهایەکی بەرزی هەیە سەبارەت بە شوناسی مرۆییمان. ئەمڕۆ سیاسەتکردن کایەکانی خۆی فراوانتر کردووە و دەکرێ مرۆڤ لەسەر زۆر شتی تریش هەڵباتێ و سیاسەت بکات، کە پێشتر لەسەر کایەی سیاسی حساب نەبوون. بۆیە پێویستە ئەمجارەیان لە جیاتی دۆزینەوەی ڕەگوڕیشە سیاسی و مێژوویی و کەلتووریەکانمان، بۆ ڕەگوڕیشەی سرووشتیانەی خۆمان بگەڕێین و سرووشتیش بکەینە بەشێکی گرنگ لە خەباتی سیاسیماندا. نەوەی نوێ میراتێکی خەباتکردنی لە نەوەکانی پێشترەوە بۆ ماوەتەوە، بەڵام مەرج نیە بابەتی خەباتکردنەکەی هەمان بابەتی نەوەکانی پێشتر بێت. نەوەی نوێ هەستیارییەکی قووڵتری بە ژینگە و سرووشتی دەوروبەری خۆی هەیە، هەروەکچۆن نەوەکانی پێشوو هەستەوەرییان بەرامبەر بە خاک و نیشتیمان پتەو بوو بۆ دروستکردنی ناسنامەی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆیان. ئەمڕۆ بۆ نەوەی نوێ ئاسانترە و پەسەندکراوتریشە ئەجیندا سیاسییەکەی پڕبێ لە چەمک و زاراوەکانی وەک: ژینگەپارێزی، سنووردانان بۆ کۆمپانیا و کارگە ژینگەپیسکەرەکان، دەستگرتن بە سوتەمەنی و ووزەوە، دروستکردنی زۆنی پاکی هەوا، قەدەغەکردنی ئۆتۆمبیلی هەواپیسکەر، بەرهەمهێنانەوەی زبڵ و خاشاک بۆ شتی بەسوود، بەکارهێنانەوەی شووشە و قتوو، زۆرکردنی ناوچەی سەوز لە شارەکاندا، جگەرەنەکێشان و بەفیڕۆنەدانی ئاو و کەمکردنەوەی توندوتیژی لەدژی ڕووەک و دارودرەخت و ئاژەڵان و سەدان شتیتری لەمجۆرە، کە هەموویان مەسەلەی هەستیارانەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و مرۆیی ئەمڕۆن و لەئاستی جیهاندا و لەکایەی سیاسیدا قسەی جیدییان لەبارەوە دەکرێ.

***

گەرەکمە ستاییشی سرووشت بکەم، تا بتوانم جارێکی تر گوێم لە خوڕەی ئاوی نێوان دوور بەرد بێ، تا بتوانم لە مانای ئەم گوڵە و گوڵکردنی هەنگ تێبگەم و تا بتوانم نهێنی شتنی مردوو لەسەر تاتەشۆر، چەمانەوەی مرۆڤ بۆ کانی و تا بشتوانم لە حیکمەتی نێوان فڕین و با، ڕۆح و ڕزگاری، ئازادی و نەمریی تێبگەم. دەمەوێ بە ئاخرین نووزەکانی تەنیاییدا بچمەوە سەر، تا لەم ڕەشایی و تاریکاییە دەرباز ببم و بگەمەوە بە تواناییە مرۆییەکانم بۆ خۆ پێگەیاندن و خۆدروستکردن و داهێنان و ئاوەدانکردنەوە. چییە ئەم هەموو تەونی ئاڵۆزانە لە مندا، کە ناهێڵێ بچمەوە سەر ڕیتمی هاوسەنگی و سەر ڕاستەڕێی داهێنان و وەدیهێنان و گونجان لەگەڵ دەوروبەر. من کە ئێستا ئەم هەموو خاوەندارییەم هەیە بەسەر شت و ئامێر و کەرەستەدا، ئەم هەموو سەروەت و سامانە ماتەریاڵیانە تەنگیان پێهەڵچنیووم، بۆ ئەوەندە هەژارم لە دەوڵەمەندیی ڕۆحی و مەعنەویدا. دەمەوێ ستاییشی بەشێ لە بوونی خۆم و هاوڕەگەزەکانم بکەم، بەشکم خودی ئەم وشانەی بۆ ستاییشکردنەکانم پەنایان بۆ دەبەم، ببنەوە ڕایەڵی پەیوەندیی لەنێوان ئاشناییم بە خشەی کیسەڵ و خشپەی گەڵا. ژیانێک بە بێ تێپەڕینی مارمیلکەیەک بەلاتا و پاییزێک بەبێ وەرینی گەڵا، چ ئەزموونێکی هەژارانەی ژیانە، گەڕان بەدوای کڕینی شانەی هەنگوینێکدا ساختەی تیا نەکرابێ و چ ترسناکە خیانەتی مرۆڤ لە تام و ڕەنگ و بۆن. ستاییش بۆتۆ ئەی سرووشت، کە لەسەر یەکەم ئەزموونەکانی بە مرۆڤبوونم ڕاتهێنام، کە ئەم جەستە بەتاڵەمت پڕ کرد لە بۆن و بەرامەکانی خۆت، کە پێتگوتم لە مندا تواناییەک هەیە بۆ چێژ و ئارامی و ئاسوودەیی. من لە تۆوە فێربووم، هیچ شتێ لە هەستی مرۆڤدا نیە بێگانە بێ بەتۆ و لە دژی تۆ بێت، جگە لەو شتانەی کە مرۆڤ لە ڕێگەیانەوە دژایەتی تۆ دەکات، جگە لەوە کە ناتوانێ هەستت پێبکات و ڕێزت لێبگرێت، کە بەشێکە لە هەستکردن بە ناخی خۆی و ڕێزگرتن لە خودی خۆی. تا ئێمە بە جوانیەکانی خۆمان، بە گەورەیی خۆمان و چێژ و ئاسوودەیی و هاوسەنگی خۆمان نەگەینەوە، مەحاڵە دەرک بە جوانی و گەورەیی توانای تۆ بکەین: دابڕان دەمانکوژێ و بە تۆ ناگەینەوە لە پێش گەیشتنەوەمان بە خودی خۆمان. هەر هەنگاوێک بۆ دوورکەوتنەوە لە تۆ گومڕای کردبین، هەنگاوێکیش بووە بۆ نامۆبوون لە خۆمان. ستایشت دەکەم، تا لە تووڕدانی ئەو غروور و گومڕاییەمدا هاوکارم بیت، کە بووە هۆی پچڕانی پەیوەندیی من و گیا. ئەم هەموو سادەییە لە مندا کەڕووی هەڵهێنا و ساڵەهایە ڕاکشانم لەسەر بان بیرچۆتەوە بۆ تەماشکردنی ئەستێرەکان. دەمەوێ جارێکی تر بە بۆنی فەقیانەکەی دایکمدا بۆنی پیرۆزی مەڕ بناسمەوە. لە نێوان دووبەردی کانیی ژناندا سابوونێک بدۆزمەوە بۆنی مێیینەیی گرتبێ، لەگەڵ خەیاڵ ئاشت ببمەوە. ستایش، ستایش و هەزار ستایش بۆ تۆ ئەی سرووشت، لە مێژە من بەبۆنی پنگەڵەدا نەچوومەوە کەنار چەم، مانگم نەبینیوە لە باوەشی کانیدا. ستاییش لەتۆ، لە خۆت، لە جوانیت، کە ڕەنگدانەوەی جوانیەکی ترە و تەمەنی کورتمان بڕ ناکات بۆ دەرککردنی بێکۆتاییەکانی، هەروەکچۆن بەبۆنی ڕیحانەدا دەچینەوە بۆ منداڵی، بەڵام ئەفسووس چیتر منداڵ نابینەوە.

پیرزین


, 17:08 , 2009/11/26


دواتر‌ | په‌ڕه‌ 13 له‌ 83 | پێشوو
گه‌ڵاكانی ته‌نیایی></a>
<a href=گه‌ڵاكانی ته‌نیایی