ته‌نیایی - نووسەر و سەفەر
ته‌نیایی
رۆحی من بێ ئیشه‌.. رۆحی من دڵۆپی باران‌و درزی خشته‌كان ده‌ژمێرێت.. جاری وا هه‌یه‌ رۆحی من وه‌ك به‌ردی لاڕێكان تژییه‌ له‌ حه‌قیقه‌ت.. سوهراب سپهری
توانا ئه‌مین


ئه‌م وێبڵاگه‌ بۆ.. بۆ ته‌نیایی..؟

راستی ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر بینیم كه‌ له‌سه‌ر تۆڕی ئینته‌رنێت، جگه‌ له‌‌و سایته‌ ئه‌ده‌بی ‌و فه‌رهه‌نگیییه‌ گشتیانه‌ی من ده‌یانبینم، كۆمه‌ڵێكی هیجگار زۆر وێبلاگی تاكه‌كه‌سی هه‌یه‌، كه‌ له‌ناو ئه‌وانه‌دا ژماره‌یه‌كیان هیجگار قه‌شه‌نگ و ناسكن، وێبلاگه‌كان وه‌ك سایته‌ گشتییه‌كان‌ خوێنه‌ر هه‌ناسه‌ سوار ناكه‌ن و ره‌نگه‌ دواجار لانه‌یه‌كی ئارم بن بۆ خوێنه‌رێكی شه‌كه‌ت..به‌ هاندانی هاوڕێی ئازیزم {باران} بیرم له‌وه‌كرده‌وه‌ منیش ماڵێكی بچوك، ژورێكی خنجیله‌ له‌م هه‌رێمه‌ بێسنوره‌ی ئه‌لكتروندا وه‌ربگرم.. جێگابوونه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی ته‌نیان له‌ راستیدا له‌وه‌ها شوێنێكیشدا مه‌حاڵه‌...! هه‌رچۆنبوو جارێ‌ ئه‌م وێبڵاگه‌‌ بچوكه‌مان خستۆته‌ كار.. ئێوه‌ی ئازیز لێره‌دا ده‌توانن لانی كه‌م هه‌ندێك له‌نوسینه‌كانی من یان باشتر وایه‌ بڵێم له‌ خه‌یاڵاته‌كانی من ببینن.. به‌ڵێن به‌ خۆم و به‌ ئێوه‌ش له‌ كوێدا تاقه‌تم لێی نه‌ما ده‌وه‌ستم..!



trade schools
میوانانى‌ ته‌نیایی

نووسەر و سەفەر

سەردار عەزیز

یەکێک لەو پرسیارانەی زەمانێکی زۆرە بیری لێدەکەمەوە، وردە وردەش کار لەسەر وەڵامدانەوەی دەکەم، پرسی گەیشتن بۆ من کارێکی فە‌لسەفی زێدە دڵگیرە. من بەهیوام لە داهاتوودا کارێکی فەلسەفی بکەم، لە ژێر ناوی رامان لە گەیشتن. gلە هەمانکاتدا وەڵامدانەوەم بۆ ئەم پرسیارە، سەرتاپای لەو دیدەوە سەرچاوە دەگرێ. دەتوانین وێنای ئەم پرسیارە وەک خانوو بکەین. بڕگەی (نووسەران هەمیشە لە سەفەردان)، وەک زەوی، یان بنەڕەتی ئەو خانووە، وەهایە، ئەم زەوییە، زەوییەکی تایبەتە، چەند خەسڵەتێکی هەیە. یەک: راستییەکی رەق، وەک چۆن بنەڕەتی خانوو دەبێت لەسەر زەوییەکی فشەڵ نەبێت، ئاواش بڕگەی (نووسەران هەمیشە لە سەفەردان)، وەها خۆی دەردەخات کە راستییە‌کی گومان هەڵنەگرە. لەسەر ئەم راستییە پتەوە، بنەڕەتێک داڕێژراوە، ئەم بنەڕەتە لە بڕگەی (سەفەرگەلێکی جیاواز)دا خۆی دەبینێتەوە، وەکچۆن بنەڕەتی هەموو خانوویەک دەبێتە بنەڕەت بۆ بنیاتی گشتی، پاشان جیاکردنەوەی لە خانووەکانی تر، ئاواش ئەم بڕگەیە دەخوازێت ناسنامەی سەفەری نووسەر جیا بکاتەوە لە سەفەری ئەوانی تر، لە هەمانکاتیشدا ئاماژە بەوە دەکات، کە سەفەری هەر نووسەرێک تایبەتمەندی خۆی هەیە و جودایە لە سەفەری نووسەرەکانی تر.

پاش بنیاتنانی ئەم راستییە، ئەم بنەڕەتە، پرسیارەکە ئاڕاستەی من کراوە، منێک کە وەک نووسەر ناوم براوە، کەواتە ناسنامەم داڕێژراوە، سەفەرکردنم بێگومانە، جیاوازی ئەم سەفەرەشم حاشاهەڵنەگرە. (دۆلۆز) لە بارەی پێوەندی پرسیار و وەڵام، لە کتێبی (دیالۆگ ــ 2)دا، باس لەم دۆخە دەکات، دۆخێک، کاتێک کە پرسیار ئازادی وەڵامدانەوەت سنووردار دەکات و لە نێو دیوار و هۆڵ و بنەماکانی خۆیدا قەتیست دەکات، بەڵام با وا دابنێین وایە.

منیش نووسەرم، لە سەفەردام، هەموو نووسەران لە سەفەردان، سەفەری نووسەران سەفەرێکی جودایە. ئینجا بێین لە بڕگەی پرسیارەکە رابمێنین. من (لەم سەفەرانەدا گەیشتوومەتە کوێ؟)، کەواتە پرسیارە لە بارەی شوێنی گەیشتن، دیسانەوە خاڵی گەیشتن وەک خاڵێکی حەتمی ئاماژەی بۆ کراوە. پرسیار ئەوە نییە کە: ئایا من گەیشتووم؟ بەڵکو پرسیار لە ناسنامەی شوێنی گەیشتنە. کەواتە من ناتوانم بڵێم نەخێر نەگەیشتووم، چونکە پرسیارەکە بواری ئەوەم پێ نادات، دەبێت باس لە ناسنامەی شوێنی گەیشتوو بکەم، بەڵام من لەم قاوغە یاخی دەبم. دەپرسم ئایا گەیشتن هەیە؟ ئایا گەیشتن حەتمییە، ئایا گەیشتن چییە؟ من ناتوانم بە درێژی وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەمەوە، چونکە لە وەڵامی هەر یەکێکیاندا چەند توێژی تر دەکرێنەوە. کاتێک لە بارە‌‌ی گەیشتن پرسیار دەکەین، ناچارین لە بارەی جێهێشتنیشەوە قسە بکەین. کاتێک لە بارەی جێهێشتنەوە قسە دەکەین، دەبێ لە بارەی پێوەندیمان بە شوێنی جێهێڵراوە‌وە قسە بکەین. شێوازی جێهێشتنمان، مەبەستی جێهێشتنمان، خەیاڵی جێهێشتنمانە. کاتێ ئەمانەمان بۆ روون بووەوە، سەرەتاکانی وەڵامی گەیشتنمان بۆ روون دەبێتەوە. لە نێو پرسی گەیشتندا پرسی ماڵ هەیە، تەنیا دەتوانین لە شوێنێکدا هەست بە گەیشتن بکەین، کە هەست بکەین لە ماڵەوەین، بەڵام تێزی ماڵ زۆر چڕترە لەوەی ئێستا من بتوانم قسەی لەسەر بکەم. بە بێ هیچ گومانێک دەتوانم بڵێم: تێزی ماڵ یەکێکە لە هەرە تێزە قووڵ و چڕەکانی بیری رۆژئاوا. تەماشای هۆمەری یۆنانی بکە، یولیوسێسی هۆمەر ئەو کەسەیە، کە لە ماڵ دەڕوات و هەموو تەمەنی دەیەوێت بۆ ماڵ بگەڕێتەوە، بەڵام با ئەوەندە دوور نەڕۆین، دەتوانین زۆر بە سانایی بڵێین: سەرتاپا تێزی هایدگەر لە بارەی ماڵە، چ لە شاکاری وەک کات و بوون، یان تێزەکانی تر.

لە راستیدا بوون تەنیا لە ماڵدا بوونی هەیە، بەڵام ماڵی هایدگەری، ماڵێکی سانا و بێقەیران نییە. ئەو – واتا هایدگەر – وشەی هایمت بەکار دەبات، کە لە زمانی ئەڵمانیدا، لە هەمانکاتدا ماڵ و نیشتمانیش دەگرێتەوە. ماڵی هایدگەر لە شوێندایە، ئەمە سەرچاوەی فاشیزمی ئەوە. بەشێکی زۆری بیری لیڤیناس رەخنەیە لەم بیرە. بۆ لیڤیناس ماڵ رەهەندێکی ئەخلاقی هەیە. بیری ماڵ لە بواری فینومینۆلۆژیادا، بە تایبەت کارە شیعرییەکانی (جاستۆب باشلار)، زیاتر کتێبی شیعریەتی پانتایی دەگرێتەوە، ئەمە وەک نموونە لای فەیلەسوفان. لای باشلار، هەموو گۆشەیەک، پێکهاتەیەک، بەشێکی ماڵ، جۆرێکی تایبەت لە زیندەخەون، لە ئێمەدا بەرهەم دەهێنێت. ماڵ شوێنی ئاشتی و یادەوەری و خاڵی جودا بوونەوەیە لە دنیا، هەروەها جێگەی کۆکردنەوەی خود و سەرلەنوێ بەشداریکردنەوەیەتی لە دنیادا. کەمنین ئەو شاعیرانەی دەربارەی ماڵ و گەڕانەوە بۆ ماڵ و بێماڵی نووسیویانە. لە لایەن منەوە، جوانترین کۆپلە شیعر لەم بوارەدا، هی شاعیری یۆنانی: کافافیە، کە باس لە مەحاڵیی توانای جێهێشتن دەکات.

ئەگەر گەیشتن مانای ماڵ بێت، ئەدی مانای چییە لە جێگەیەک بیت و هە‌ست نەکەیت لە ماڵەوەیت؟ ئەمە کرۆکی تاراوگەبوونە، بۆیە پرسی گەیشتن دەمانباتە نێو تێزە بێکۆتاییەکانی مەنفاشەوە، ئێکسایڵ بە ئینگلیزی. با ئێستا باس لە خۆم بکەم. من کوردم. کورد نەتەوەیەکی بێماڵە، هێندە بێماڵە، تەنانەت هێندە کورتبینە، کە دەتوانم بڵێم تا ئێستا بیری لە ماڵ نەکردووەتەوە، بێجگە لە نامەکەی (نالی و سالم)، ئەدەبی کوردی ئەوەندە بایەخی بە شوێن نەداوە، ئەو بایەخەی هەشە زیاتر لە دەقی ئەدەبییەوە دەبینرێت. دەی با لە (نالی)یەوە دێڕێک قەرز بکەین: "نەچم شەرت بێ هەتا ئەو خوارە بێ تۆ"، ئەمەش بە مانای غوربەتکردنی کەس، مرۆڤ، نەک خاک و ماڵ، نیشتمانە. دیارە چەمکی نیشتمان چەمکێکی نامۆیە بە عەقڵی رۆژهەڵات، چونکە چەمکی نیشتمان چە‌مکێکی نائایینییە، چەمکێکی عەلمانییە. ئەگەر تەماشای مێژووی عەلمانیەت بکەین، دەبینین کە یەکێک لە ساتەوەختە گرنگەکانی پەیماننامەی وێستڤیلیایە، ئەم پەیماننامەیە بوو بە بنەمایەک بۆ دەوڵەتی نەتەوەیی، بە رێککەوتیش نە‌بوو، کە پاش جەنگی (30) ساڵەی نێوان ئایینەکان لە ئەوروپاوە سەریهەڵدا.

من لە گەرمیان لە دایکبووم، ئەوێم جێهێشت، چونکە هەستمدەکرد دڵم وەختە نالی واتەنی، ببێ بە ئاو و بە چاوما بکا عبوور، بەڵام سەفەری من بۆ دۆزینەوەی ماڵ نەبوو لە جێگەیەکی تردا، بەڵکو سەفەری من بۆ بنیاتنانی ماڵێک بوو لە ناخمدا. ماڵی نێو ناخ ماڵی بیرە، ئەم ماڵەش هەرگیز بە کۆتا ناگات، بەڵام چێژی گەیشتن لە هەمیشە بنیاتنانیەتی. یەکەم جێهێشتنی دڵخۆشانەی ماڵ، ئەو ساتەو‌‌ەختە بوو کە هەستمکرد دەتوانم بە زمانی ئینگلیزی بخوێنمەوە، خوێندنەوە بە ئینگلیزی مانای پەیوەستبوون بوو بە دنیاوە، لە ساتەوەختی فەریکەیدا، ساتەوەختێک کە هێشتا بیرەکان و ئایدیاکان گوڵبەدەمن، پاشان چوونم بۆ زانکۆ و خوێندنی بەکالۆریوس و ماستەر، تا ئێستا کە خەریکی نامەیەکی دکتۆرام. بەڵام ئەم گەیشتنە، یان ئەم گەیشتنە مەعریفییە، تا بڵێی دڵتەنگ بوو، تەنیا بوو، بەڵام دڵتەنگییەکی دڵخۆش، وەک ئێدوارد سەعید لە باسی رۆشنبیر و تاراوگەدا باسی دەکات، بۆیە هەستکردن بە لە ماڵبوون، لەگەڵ ناسینی هاوسەرەکەمدا بوو، کە رۆژێکی نەرمەباران، چەند ساڵێک لەمەوبەر یەکترمان ناسی، پاشان بە گەیشتنی نامۆ، نامۆیی کۆتا هات.

ئێستا هەستدەکەم لە ماڵم، ماڵێک کە یارمەتیم دەدا لێرە بم، هەروەها لەوێشەوە، لە رۆژهەڵات و رۆژئاواشەوە. وەک پڕۆژەیەکی فیکری، من لە کوێدام؟ لە راستیدا ئێستا هەست بەوە دەکەم، کە ئەو ترسانگەلەی هەمبوون لە بەرامبەر دەقە ئاڵۆزەکان، نەماون. دەتوانم بە راشکاوی بڵێم: کە دەقێکی درێدا دەخوێنمەوە، بە چێژەوە لەگەڵیدا دەکەومە گۆڕینەوە. فۆکۆ بە لامەوە سانایە، بەڵام چڕە. دۆلۆز هێشتا بە سانایی خۆی بە دەستمەوە نادات. ئەمانە یارمەتیاندام، شەرم نەکەم لە زانکۆیەکی رۆژئاوایی، بەوپەڕی باوەڕ بە خۆبوونەوە باس لە چەمکی تایبەت بە خۆم، دیدی خۆم، تەنانەت تیورەی خۆم بکەم، لە بواری کارکردنمدا، بەڵام لە کۆتادا، تا زیاتر بزانی، هەمیشە زیاتر بە ئاگا دەبیت، کە زۆری تر هەیە لە بارەیەوە هیچ نازانی، بۆیە لە ئەنجامدا هەمیشە نەزانراو گەورەترە لە زانراو.

وەرگێڕان وەک داهێنانی باڵا

هەرکەس بیەوێت لە بارەی وەرگێڕانەوە قسە بکات و بە ئاگا نەبێت لە کارەکانی واڵتەر بنیامین، بە تایبەتی گوتارە بە نرخەکەی لە مبارەوە، کە لە ژێر ناونیشانی (ئەرکی وەرگێڕ)دا نووسیویەتی و لە هەمانکاتدا وەک پێشەکییەک خۆی بۆ وەرگێڕانی کارێکی بۆدلێر، لە ساڵی (1923)دا بە ناوی تابلۆ پاریسیەکان لەگەڵ گوڵەکانی ئەرمەنیدا. (ئەوەی پێویستە روونی بکەمەوە، ئەوەیە کە ئەمە وەک تیۆرە بواری من نییە)، بەڵام من ئار‌‌ەزوویەکی بێپایانم بۆ بنیامین هەیە، خۆشم جگە لە چەند وەرگێڕانێکی کەمی کاری ئەدەبی، بەردەوام وەک وەرگێڕێک بۆ زمانی عەرەبی و کوردی، لە دادگە و کاروباری پەنابەر، کاری وەرگێڕان دەکەم.

سەرەتا واباشە لەو دابەشکردنە کۆمیدییەوە دەست پێ بکەین، وەرگێڕان هونەرە، یان هونەر نییە؟ یەکەم حەپە‌سان لەوێوە د‌‌ەست پێدەکات، کە ئەو بەڕێزانەی خاوەنی رای ئاوان، بە هیچ شێوەیەک ئاگاداری هونەری وەرگێڕان نین، ئاگاداری زمان نین، ئاگاداری ر‌‌ەخنەگری گەورەی بواری ئەدەبی وەک (درێدا، پۆل دی مان) و ئەوانی تر نین، تەنیا بێئاگایی بواری ئەوە دەدات، کە کەسێک هێندە ساویلکانە لە کاری وەرگێڕان بڕوانێت.

وەرگێڕان نەک هەر داهێنان، یان هونەرە، بەڵکو هونەرە لە شێوازی هونەری باڵا. وەرگێڕان یانی توانای سەرلەنوێ خوڵقاندنەوەی دەقێک، کە بەرهەمی زمان و ریتم و مێژوو و نەریت و هەموو داتا کۆمەڵایەتییەکانی ترە، بۆ نێوەندێکی تری سەرتاپا جیاواز. لێرەدا کێشەکانی وەک زمان و ناوەڕۆک و شێواز و گەیاندن و خوێنەر و مەبە‌ست و کۆمەڵێک شتی تری گرنگ، جێی بایە‌خن. پڕۆسەی وەرگێڕان پڕۆسەیەکە رێگەت دەدات زیاتر ئاشنای زمانی خۆت بیت، لە زمانی خۆت بڕۆیتە دەرەوە و سەرلەنوێ لێی بڕوانی، کەلێن و کەلەبەرەکانی ببینی. لە وەرگێڕاندا زمان هەڵدوەشێتەوە، ئەمەش وەک ئەوە وایە کە کراسێکی لۆکە بکەیتەوە پەموو، سەرلەنوێ بیچنیتەوە، بۆیە وەرگێڕان هەمیشە چە‌ند ئاستە. وەرگێڕان لە ئاستی زماندا. بنیامین داکۆکی لەوە دە‌کرد، کە دەبێت وەرگێڕ هەوڵ بدات بوونی خۆی بسڕێتەوە، دەقی زمانێکی جیاواز وەکو خۆی بگوێزێتەوە بۆ زمانەکەی خۆی. بنیامین تیۆرەکەی بنیاتێکی میتافیزیکی هەیە. (من لێرەدا و بۆ ئێستا بە شیاوی نازانم بچمە تانوپۆیەوە، چونکە زۆری دەوێت).

من چەند جارێک هەوڵمداوە دەقی وەرگێڕاوی کوردی بخوێنمەوە، بەڵام کارێکی خۆش نییە. دەقی وەرگێڕدراوی کوردی، دەڵێی میوەی وشککراوە، هەموو تام و چێژ و تەڕییەکانی لێ چۆردراوە. ئەم قەیرانە لەوێوە دێ، کە ئاگایی لە زمان، ئاگایییەکی تاکڕەهەندییە. وشە لە بنیاتی کلتووری و مێژووی و سیاسیدا نابینرێت، بەڵکو تەنیا وەک ئامرازێکی دەربڕین دەبینرێت، ئەمەش وا دەکات کە دەق وشک ببێ. هەبوونی گومان لە هونەرێتی وەرگێڕان، ئاماژە بەوە دەکات کە وەرگێڕان بە لای کەسانێکەوە تەنیا وەک کارێکی میکانیکی دەبینرێ، بریتییە لە دەقێکی ئامادەکراوی گواستراوە، هەر ئەم دیدە کاریگەری هەیە لەسەر ئەوەی دەقی وەرگێڕدراو ببێتە دەقێکی وەک وشککراو. یەکێک لەو تیۆرە ئەدەبیانەی لە بواری وەرگێڕاندا زاڵە، تیۆرەی دووبارە بەرهەمهێنانەوەیە، ئەم تیۆرە بڕوای وایە وەرگێڕ جارێکی تر سەرتاپای دەق لە زمانێکی تردا دەنووسێتەوە، کەواتە کاری وەرگێڕ هاوتایە لەگەڵ کاری نووسەردا. بەڵام ئەگەر بیر لە وەرگێڕان وەک کارێک بکەینەوە، دەبێ بپرسین: ئێمە کە وەردەگێڕین، چی دەکەین؟ وەڵامی ئەم پرسیارە دەمانباتە نێو دنیایەک کاری فەلسەفییەوە:

1. ئێمە دەکرێینەوە.

2. بەخێرهاتنی ئەویتر دەکەین.

3. دەمانەوێت لە پڕۆسەی بەراوردکاری نێوان خود و ئەویتر بگلێین.

4. دەمانەوێت ماڵی خۆمان بەجێبهێڵین و بزانین دراوسێکانمان چی دەکەن.

دیارە هەریەک لەم کار و خاڵە جیاوازانەی لەسەرەوەدا ئاماژەم بۆ کردوون، تێزی فە‌لسەفی گەورەن، کە دەبێت وەرگێڕی کارامە پێیان ئاشنابێت.

***

تێبینی: ئەم نووسینەی نووسەر، بەرەنجامی پرسیاری ئەدەب و هونەری (کوردستان راپۆرت)ە.


, 15:43 , 2009/11/6


دواتر‌ | په‌ڕه‌ 16 له‌ 83 | پێشوو
گه‌ڵاكانی ته‌نیایی></a>
<a href=گه‌ڵاكانی ته‌نیایی