ته‌نیایی
رۆحی من بێ ئیشه.. رۆحی من دڵۆپی باران‌و درزی خشته‌كان ده‌ژمێرێت.. جاری وا هه‌یه رۆحی من وه‌ك به‌ردی لاڕێكان تژییه له حه‌قیقه‌ت.. سوهراب سپهری
|
توانا ئه‌مین
ئه‌م وێبڵاگه بۆ.. بۆ ته‌نیایی..؟
راستی ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر بینیم كه له‌سه‌ر تۆڕی ئینته‌رنێت، جگه له‌و سایته ئه‌ده‌بی و فه‌رهه‌نگیییه گشتیانه‌ی من ده‌یانبینم، كۆمه‌ڵێكی هیجگار زۆر وێبلاگی تاكه‌كه‌سی هه‌یه، كه له‌ناو ئه‌وانه‌دا ژماره‌یه‌كیان هیجگار قه‌شه‌نگ و ناسكن، وێبلاگه‌كان وه‌ك سایته گشتییه‌كان خوێنه‌ر هه‌ناسه سوار ناكه‌ن و ره‌نگه دواجار لانه‌یه‌كی ئارم بن بۆ خوێنه‌رێكی شه‌كه‌ت..به هاندانی هاوڕێی ئازیزم {باران} بیرم له‌وه‌كرده‌وه منیش ماڵێكی بچوك، ژورێكی خنجیله له‌م هه‌رێمه بێسنوره‌ی ئه‌لكتروندا وه‌ربگرم.. جێگابوونه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی ته‌نیان له راستیدا له‌وه‌ها شوێنێكیشدا مه‌حاڵه...!
هه‌رچۆنبوو جارێ ئه‌م وێبڵاگه بچوكه‌مان خستۆته كار.. ئێوه‌ی ئازیز لێره‌دا ده‌توانن لانی كه‌م هه‌ندێك له‌نوسینه‌كانی من یان باشتر وایه بڵێم له خه‌یاڵاته‌كانی من ببینن.. به‌ڵێن به خۆم و به ئێوه‌ش له كوێدا تاقه‌تم لێی نه‌ما ده‌وه‌ستم..!
|
پێڵاوه‌کانم ئه‌گه‌ن... خۆم نا
به‌شدار سامی

نووسینه‌وه‌ی ژێرپێیه‌کانی کۆڵانێک له که‌وتنه‌خواره‌وه‌ی نیگه‌رانیدا 1 سنگم پڕبووه له نیگه‌رانی ته‌ڕایی جه‌سته‌م له جۆگه‌کانی مندالیدا جێماوه به حاڵ گه‌یشتومه‌ته ئێره به حاڵ پیاوێکم کۆکرده‌وه بۆ گه‌یشتن به ئێره پیاوێک له پاشماوه‌ی ته‌نیایی پیاوێک له ڕژانی ژێرپێیه‌کانی ته‌نیایی تا گه‌یشتن به ئێره پارچه پارچه. ڕه‌نگه له ئه‌ساسه‌وه بۆ ئه‌وه هاتبم تا ته‌نیابم ئه‌گینا ئه‌م هه‌موو ته‌نیاییه بۆ له من دا کرمۆڵه‌ی کردووه؟ ده‌م کوتێ ئه‌م ئاژاوه‌یه ئه‌م ئاژاوه‌یه له‌سنگم دا نیگه‌رانی ده‌کوتێ ئینسانبوونم ده‌کوتێ.
ڕه‌نگه ئه‌م پیاوه به‌گالیسکه‌ی وه‌رزه‌کاندا تێپه‌ڕێت و نه‌گات به هیچ کوێ جه‌نگی جگه‌ره‌ی لێ ده‌رکه‌ی. من چۆڕاوم هیچم نیه بۆ گمه‌ی ئاوه‌دانی ئاسمان له من دا جۆرێکی‌تر ده‌بارێ من جۆرێکتر ده‌ڕوانم ته‌نیاییم به پڕبوونی کۆڵانه‌کان له پێڵاو کۆتایی نایه ئه‌مه سه‌ره‌تای شپڕزه‌ییمه ته‌نیاییم له‌وشوێنه ده‌ست پێده‌کا که وه‌ڕس ده‌بم له ته‌نیایی و بڕیاری ڕاکردنی لێ ده‌ده‌م. من له زه‌ویدا کوژاومه‌ته‌وه.هه‌ڵم له قاقام به‌رزنابێته‌وه ڕسته‌یه‌کی ته‌زیوم یانی په‌ککه‌وته دروستر بڵێم: زه‌وی له لوره‌ی من بسمیلکراوه تۆئه‌مه‌ت ده‌زانی ده‌زانی ته‌نیایی له من دا پیته‌کانی لێ به‌ربه‌وه... له من دا به هێڵه‌کان داده‌ڕوات... له من دا حیکایه‌ته‌کانی وشک بوونه‌وه هه‌ڵده‌خات... له من دایه موسیبه‌تی ته‌نیایی. من وه‌ها پیاوێکم چۆڕاو له ته‌نیایی چۆڕاو بۆ ته‌نیایی به‌هۆی ته‌نیایی مه‌وه هێنده‌ی باران ته‌ڕیی به‌رکه‌وتووه چاوه‌کانی دایکم هێنده‌ی بێ تاقه‌تی ژوورێکی ته‌نراو به دووکه‌ڵی جگه‌ره‌یش بێ ده‌نگی له جه‌سته‌م دا کۆبۆته‌وه. من پیاوێکم عاجز له هه‌مووشت له خۆیشم به منداڵیش بیرم نایه‌ت تامی ژیانم کردبێ ئێستایش ئه‌وه‌تام له به‌رده‌م ساده‌ترین گوزه‌ران دا. سه‌رم سووڕده‌خوا ڕه‌نگه واده‌ی تۆرانم بێ له هه‌موو شت له خۆیشم. دره‌ختێک شک نابه‌م له جگه‌ره‌م بستێَََنێ و به‌و عه‌تره‌ی که ئێواران خۆم په‌رش ده‌کرده کۆڵانه‌کانی یار کۆمکاته‌وه. دوور نیه دوا قومی ژیانم میراتی جگه‌ره‌یه‌ک بێ.. جگه‌ره‌ی لێوی نیشتیمان نیشتیمانێک له من دا مه‌نفا من له‌ئه‌و دا ته‌نیا په‌راوێز. من له نیشتیمان دا بێ نیشتیمانیم به‌رکه‌وتووه هیچم نیه هیچ زۆرجار نووسیومه: نیشتیمان تا ئه‌و شوێنه جوانه که نیمه لێ ئه‌وه ڕسته‌یه‌که ده‌شێ دوای مردنم پیاسه‌بکا ده‌شێ وانه‌بێ ئه‌مه‌یش به‌شێکیتربێت له نیگه‌رانیم. من پیاوێکم نیگه‌ران نیگه‌ران له هه‌موو شت له خۆیشم هه‌موو سه‌عاتێک شێست ده‌قیقه له ته‌نیاییدا ژیاوم شه‌قامه‌کانم به‌خشیوه به پیاسه‌کانم پیاسه‌کانم به ته‌نیایی ته‌نیایی به ژورێک ژورێک له من دا کرێچی من له ئه‌ودا ته‌نیا. له‌وه نیگه‌رانتر قه‌ت خۆم پیشانی ماڵه‌وه نه‌داوه سوڕ ده‌زانم ئه‌و نیگه‌رانییه‌ی من کاره‌ساتێکی له دواوه‌یه هێواش هێواش له ته‌ماشاکردنی جگه‌ره‌دا کاڵ ده‌بمه‌وه هیچم نه‌ماوه بۆ ته‌ماشاکردن بۆ چاوه‌ڕوانی! کۆمکه‌ره‌وه ئه‌ی زه‌وی ژیان له نێو پێلاوه‌که‌مدا بۆنی گۆره‌ویی گرتووه.. قرچه‌م دێت . ژیان له مندا ناگوزه‌رێ من له ئه‌ودا بیر چوومه‌ته‌وه بیره‌وه‌ری ده‌م نووسێته‌وه بیره‌وه‌ری ته‌نیایی ته‌نیایی له نهێنی زه‌مه‌نێکیتردا تا گه‌یشتن به ئێره نهێنی ماوه‌ته‌وه بم جه‌ربێنه ئه‌ی خاک ئه‌ی عه‌ده‌م له‌وانه‌یه مه‌رگی من په‌رشکردنی تاریکبێت ئه‌گه‌ر ته‌نیا جێهێشتنی ژوره‌که‌یشم بێت. تاقه‌تی ته‌ماشاکردنی باخچه‌کانی نیشتمانم نه‌ماوه باخچه‌کانی نیشتیمانێک له من دا په‌ڕپووت ....ڕووت له گه‌ڵا قه‌ره‌باڵغ له هیچ...له بۆشایی چی لێ چاوه‌ڕوان ده‌کرێ؟ چیم لیێ چاوه‌ڕوان ده‌کا؟ بونم له ته‌په‌ی پێی مێروله‌یه‌ک خاڵیتره بۆ ژیان له نیشتیمانێکی نێو قه‌فه‌زی حزب شیاوترم بۆ مردن ئێره ئه‌و جێگایه‌یه که من تیایدا ده‌بێ بنووسم کۆتایی ئێره کۆتایی ژووره‌که‌مه! خه‌مێک له باوه‌شم ده‌خولێته‌وه خه‌مێک سه‌رقاڵ به نووسینه‌وه‌ی دوایین نه‌هامه‌تی سه‌ر ته‌وێڵم ڕووناکییه‌ک شک نابه‌م نیگه‌رانیم له خۆیدا کۆکاته‌وه جگه‌ره به جگه‌ره شێ‌دار ده‌که‌م به نیگای هه‌میشه بێده‌نگی ئینجانه ده‌ڵێم: ئێمه چین هاوڕێم ئه‌و هه‌موو سه‌فه‌ره‌مان کرد ئاسمانمان هه‌ر شینه چنگێک سێبه‌رماننیه له (با). به من چی شه‌قامێک دروستکراوه بۆ پیاسه که ماڵێکم نه‌بێ دوای جووتبوونی خۆم و ژنه‌که‌م له ژیان بڕوانێ. من وه‌ڕسم له به‌خشینی تاڵه‌کانی ته‌مه‌نم به حیله‌ی ئه‌و ڕه‌نگانه‌ی وایانکرد با بمبات له دره‌خت بزربم. ڕه‌نگه لات کوفر بێ که نامه‌وێ بگه‌ڕێمه‌وه نێو کۆڵانه‌کانی خودا ئاخر ئه‌وه گوناهی من نیه که نه‌توانم له‌وه زیاتر یاریی له‌گه‌ڵدا بکه‌م ئه‌وه گوناهی خۆیه‌تی که‌نه‌یتوانی وام لێ بکا بۆ هه‌میشه ترپه‌کانی دڵمی پێ ببه‌خشم، دواتر من له‌و جێگایه دا ده‌مرم که خودا قوڵانێک بۆشایی نه‌هێشتۆته‌وه بۆ ژیان بۆ ئاشت بوونه‌وه‌ی سه‌رکێشیم له‌گه‌ڵ ئارامی. ئێستا هه‌رخۆم خۆم به چرکه‌کانی بێتاقه‌تی به ستاوه‌ته‌وه و ناگه‌م به‌هیچ ده‌بێ پاڵکه‌وم قوڵانجێک خاکم به‌رنه‌که‌وتوه ئاوه‌دانی چۆن به‌رپاکه‌م؟ تۆ ژماره‌ی هیلاکی جاده‌کانتم بۆمه‌خه‌ره سه‌ر له‌پ، ژیان له تۆدا جگه‌ره‌که‌ی که‌ی داده‌گیرسێ؟ چۆن داده‌گیرسێ؟ ژیان له ژووره‌که‌ی من دا له هیچی تێپه‌ڕنه‌کردووه هیچ واتا کۆڵانێک له بۆشایی. من ده‌رفه‌تێکم نه‌ماوه بۆ سڵاو تا جارێکی‌تر سه‌رێک هه‌ڵکێشم له کۆڵان ته‌نیایی نه‌بێت به که‌لکی شتێکیترنایه‌م ته‌نیایی نه‌بێت بۆ نی شتێکیترم لێ نایه‌ت ئه‌و قه‌ره‌باڵغیه له من دا ئاژاوه‌یه ئاژاوه له داگیرسانی ته‌نیایی دا جه‌نگه جه‌نگ من هیچ نیم ته‌نیایی نه‌بێت خۆم نیم ته‌نیایی نه‌بێت تێگه‌یشتی موسیبه‌تم؟ من وه‌هام کاتم نیه بۆ کردنه‌وه‌ی ده‌رگا خۆم داوه‌ته به‌ر بێده‌نگی ژوره‌که‌م و بێ ویستی خۆم جگه‌ره‌یه‌کی زۆرم کێشاوه ڤۆدگایه‌کم خواردۆته‌وه سه‌رمه‌ستیش نیم به تووڕه‌یی. هه‌ر هیچ نه‌بێ په‌نجه‌ره‌یه‌کم هه‌یه بۆ خۆکوشتن بۆ دوورکه‌وتنه‌وه له دووباره‌بوونه‌وه‌ی سیمای ته‌ڵخی شار له‌خۆم خۆمی به‌رده‌م ئاوێنه ئاوێنه‌ی گومان له باوکم که زۆرجار دێته ژووره‌که‌م و ده‌ڵێ: نووسینه‌وه‌ی ژیان مردنێکی جوانه که من له مه‌به‌سته‌که‌ی تێگه‌یشتم نیه ئه‌ویش ڕونی ناکاته‌وه و ده‌ڕوا بێئه‌وه‌ی ئاوڕ له هیلاکیم بداته‌وه ده‌ڕوا و له من ونده‌بێ له من دا ته‌نیا ده‌بێ ته‌نیا ده‌مێنێته‌وه من هیچم نه‌ماوه تا هاوڕێیه‌تی باخچه له من دا بمێنێته‌وه له من دابچێته‌وه نێو ڕسته‌کانی شیعر هیچم نه‌ماوه بۆهاوڕێیه‌تی تۆ ئه‌ی باخچه ئه‌ی بیره‌وه‌ری تۆیش له من دا ته‌نیای تۆیش له من دا ته‌نیا ده‌بی ته‌نیا ده‌مێنیته‌وه له‌وه ده‌چێ که‌مێکیتر له نێو تاتای ڕاڕاییدا په‌رشببم و وه‌ک دلۆپێک ئاوی خه‌ست بڕژێم ڕه‌نگه نه‌توانم له‌وه زیاترچنگت پڕکه‌م له بۆنی په‌نجه‌کانم. نووسینی نامه‌یه‌کی تر به خه‌تی ژیان بۆ من سه‌ختتره له ده‌ستپێکردنه‌وه دڵم ده‌ڵێ ئه‌و ته‌نیاییه چه‌نده ساده‌یه هێنده‌ش کاریگه‌ر. کاریگه‌ر به خودی ته‌نیایی ڕه‌نگه له قه‌ده‌ری من تێنه‌گه‌یشتبی. من له ته‌نیاییدا خۆم کۆکرده‌وه جگه له ته‌نیایش بیرم نایه‌ت شتێکم کۆکردبێته‌وه هه‌موو سامانی ژووره‌که‌م له بۆشایی و پیاوێکی ته‌نیا و ژنێکی نیگه‌ران تێپه‌ڕناکات ئه‌وجه‌نگه ده‌مێکه داگیرساوه ده‌مێکه په‌ره‌ی سه‌ندوه هێواش هێواش له ژیان تۆراوتر ده‌بم ماله‌که‌م له ژورێک دایه ژوره‌که‌م له جاده‌کان ده‌ڕوانێ نازانم چۆن به ژنه‌که‌م بڵێم ده‌بێ نه‌تبینمه‌وه ئاخر ئه‌ویش گوناحه گوناحێک خۆی به من به‌ستابێته‌وه چۆن ده‌کرێ به جێی بێڵم ئاخرچۆن؟ له‌و جه‌نگه‌دا که‌س براوه‌نیه ته‌نیایی نه‌بێ هیچ شتێک دۆڕاونیه ئینسان نه‌بێت. هێنده نیگه‌رانم ده‌ڵێی قه‌ت ناگه‌مه سه‌ری کۆڵان ئه‌م ئێواره‌یه که دوا ئاوڕدانه‌وه‌ی خۆرنشینم له په‌نجه‌ره‌که‌مه‌وه بینی تێگه‌یشتم که من ته‌نیا خۆم دیوه بۆیه نه‌مزانیوه که‌سانێک هه‌ن به‌هۆی منه‌وه ته‌نیان به هۆی منه‌وه ئازار ده‌چێژن ئێستا ده‌زانم بێده‌نگی چه‌نده ترسناکه گه‌ر نه‌مه‌وێ قسه‌بکه‌م ده‌بێ خۆم کۆکه‌مه‌وه ده‌بێ خواحافیزی بکه‌م پیاسه‌یه‌ک سه‌رقاڵی کردووم ڕه‌نگه ببێ به سه‌فه‌ر.
2009 |
, 15:55
,
2009/10/27
|
|
|
دواتر | په‌ڕه 20 له 83
| پێشوو
|
| |