تهنیایی
رۆحی من بێ ئیشه.. رۆحی من دڵۆپی بارانو درزی خشتهكان دهژمێرێت.. جاری وا ههیه رۆحی من وهك بهردی لاڕێكان تژییه له حهقیقهت.. سوهراب سپهری
|
توانا ئهمین
ئهم وێبڵاگه بۆ.. بۆ تهنیایی..؟
راستی ماوهیهك لهمهوبهر بینیم كه لهسهر تۆڕی ئینتهرنێت، جگه لهو سایته ئهدهبی و فهرههنگیییه گشتیانهی من دهیانبینم، كۆمهڵێكی هیجگار زۆر وێبلاگی تاكهكهسی ههیه، كه لهناو ئهوانهدا ژمارهیهكیان هیجگار قهشهنگ و ناسكن، وێبلاگهكان وهك سایته گشتییهكان خوێنهر ههناسه سوار ناكهن و رهنگه دواجار لانهیهكی ئارم بن بۆ خوێنهرێكی شهكهت..به هاندانی هاوڕێی ئازیزم {باران} بیرم لهوهكردهوه منیش ماڵێكی بچوك، ژورێكی خنجیله لهم ههرێمه بێسنورهی ئهلكتروندا وهربگرم.. جێگابوونهوهی ئهوانهی تهنیان له راستیدا لهوهها شوێنێكیشدا مهحاڵه...!
ههرچۆنبوو جارێ ئهم وێبڵاگه بچوكهمان خستۆته كار.. ئێوهی ئازیز لێرهدا دهتوانن لانی كهم ههندێك لهنوسینهكانی من یان باشتر وایه بڵێم له خهیاڵاتهكانی من ببینن.. بهڵێن به خۆم و به ئێوهش له كوێدا تاقهتم لێی نهما دهوهستم..!
|
ژیان وەک تابلۆیەکی هونەری
مهریوان وریا قانیع
بهر لە مردنی بە ماوەیەکی کەم فەیلەسوفی فەرەنسی میشێل فۆکۆ داوای ئەوە دەکات ئینسان ژیانی خۆی بکاتە ”کارێکی هونەری“. لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا دەڵێت ”ئەوەی سەرنجی منی راکێشاوە ئەوەیە کە هونەر لە کۆمەڵگای ئێمەدا بۆتە شتێک کە تەنها لەگەڵ شتە ماتریاڵییەکاندا مامەڵەدەکات، نەک لەگەڵ ئینسان یان لەگەڵ ژیاندا. هونەر بۆتە پیشەی چەند کەسێکی لێزان کە پێیاندەگوترێت هونەرمەند. بەڵام بۆچی نابێت ههموو کەسێک خەریکی ئەوەبێت ژیانی خۆی بکاتە کارێکی هونەری. بۆچی دەشێت گڵۆپێک، یان ماڵێک بکرێن بە کاری هونەری بەڵام ژیانمان نەکرێت بە هونەر؟“. ”ئەی ئینسان، ژیانت بکە بە تابلۆیەکی هونەری“. کردنی ژیان بە تابلۆیەکی هونەری ئەو داواکارییەیە کە لەپشتی دیدی میشێل فۆکۆوەیە بۆ ئینسانو بۆ هونەر. ئەم داوکارییە بریتییە لەداواکردنی فەلسەفەیەکی ئەخلاقی نوێ کە فۆکۆ ناویدەنێت ”جوانکاری بوون“، واتە کردنی بوونی ئینسان بە پرۆژەیەکی ئیستاتیکی. خاڵی ههرەسەرەکی لەم فەلسەفە ئەخلاقییەدا ئەوەیە کە نایەوێت کۆمەڵێک ئامۆژگاریأو داواکاری ئەخلاقی کۆگیری ههبێت، فەلسەفەیەک نییە لەسەر پێشنیارکردنی کۆمەڵێک ئەمرو نەھی ئەخلاقی دروستبووبێت، بە ئینسان بڵێت چی بکاتو چی نەکات، چی بەباش بزانێتو وازیش لە چی بھێنێت. واتە ئەم فەلسەفە ئەخلاقییە فەلسەفەی دەستنیشانکردنی سنوورەکانی ئەشێو نەشێ، یان حەڵاڵو حەرامی ئەخلاقی نییەو بەدوای ئەوەدا ناگەڕێت ئامۆژگاریو نەسیحەتو پرنسیپی ئەخلاقی بدۆزێتەوە کە ئینسان ناچاربێت پەیڕەویانبکات. ههروەھا ئەم فەلسەفە ئەخلاقییە فەلسەفەی لێکدانەوەو شیکردنەوەو داوەریکردنی ههڵسوکەوتی ئەخلاقییانەی ئینسان نییە، بەم ئەخلاق بڵێت باشو بەویدیکەیان بڵێت خراپ. ئەخلاق لەم دیدە فەلسەفییەدا برتییە لە مەیلێکی ناوەکی کە بە پلەی یەکەم پەیوەندی ئینسان بەخۆیەوە رێکدەخات، باس لەو پەیوەندییە دەکات کە ئینسان لەگەڵ زاتی خۆیدا دروستیدەکات. پەیوەندییەک تیایدا ئینسان وێنەیەک لەسەر خۆیو لەسەر ژیان دروستدەکات، مانایەک بە بوونی خۆی ئەداتو چاوەڕوانییەکی تایبەتی لێدروستدەکات. ئەوەی ئەم فەلسەفە ئەخلاقییە دەیەوێت ئەوەیە ئەو پەیوەندییە کە ئینسان لەگەڵ خۆیدا دروستیدەکات بکاتە پەیوەندییەکی هونەریی. یانی بیکاتە پەیوەندییەک کە لەسەر توانای بەردەوامی گۆڕانو تازەبوونەوەو سەرلەنوێ پێناسەکردنەوە دروستبووبێت. لەسەر توانای یاریکردن بە سنوورە جێگیرو وێنە جێگیرو پێدراوە جێگیرەکان کاربکات. وەکچۆن ناکرێت هونەر لە چوارچێوەیەی یاسایەکی عەقڵانیو لەناو یەک مانادا جێگیربکرێت، ئاواش ئەو پەیوەندییەی ئینسان لەگەڵ زاتی خۆیدا دروستیدەکات نابێت کۆپیکردنو دووبارەکردنەوەی داخوازییەکانی ئەو لۆژیکە کۆمەڵایەتییە، ئەخلاقییە، کولتورییە باڵادەستەبێت کە لەئارادایە. ئەوەی کۆمەڵگا داوایدەکات نابێت رێکوڕەوان ههمان ئەو شتەبێت کە ئینسان لەخۆی داوابکات. لەم دیدە ئەخلاقییەدا ئەو شێوازی بوونەی لە کۆمەڵگایەکداو لەساتەوەختێکی مێژویی دیاریکراودا باڵادەستە، تەنها شێوازێکە لە شێوازەکانی بوون. لەڕاستیشدا ئەو شێوازەیە کە توانیویەتی شێوازەکانی دیکەی بوونی ئینسانی یان بێدەنگ بکات، یان وەک بەدئەخلاقیو شازو نەخۆش وێناو پێناسیان بکات. کردنی ژیان بەکارێکی هونەری، مانای ههوڵدانه بۆدەرچوون لە ماناو پێناسو داواکارییە ئەخلاقییە باڵادەستەکانی ئەو ساتەوەختەی ستراتیژێکی دیاریکراوی دەسەڵاتو مەعریفە کردویانە بە ئەخلاقیاتی باڵادەست. لەم فەلسەفەی ”جوانکاری بووندا“ ئینسان بوونەوەرێک نییە بەیەک ناوەرۆکو یەک وێنەو یەک ماناوە بۆ ههمیشەو ههتاههتایە دروستکرابێت. ئینسان لێرەدا دروستکراوێکی مێژووییە. لەناو ئینساندا کولتورو زمانو مەعریفەو دەسەڵاتی ئەو ساتەوەختە ئامادەیە کە تیایدا دەژیو ئەمانەش لە ههڵسوکەوتو قسەکردنو بیرکردنەوەو جوڵانەوەیدا ئامادەن. واتە تاکەکەس شتێکە تەنها خۆی دروستکەری زاتی خۆی نییە، بەڵکو سەرجەمی پێدراوەکانی ئەو دونیا دەرەکییەی تیایدا ئامادەیە، بەشدارن لەدروستکردنو بەخشینی ناوەرۆکو فۆرمێکی تایبەتدا بە ژیانو بیرکردنەوەو ویستو ئارەزووەکانی. ئەمەش لەزۆر ئاستدا پیادەکردنی فشارێکی دەرەکی گەورەیە لەسەر ئەو زاتەو داڕشتنەوەشیەتی بەپێی لۆژیکی باڵادەستی ئەو دونیایە، جارێک بەناوی ئەخلاقی باڵادەستەوە، جارێک بەناوی دینەوە، جارێک بەناوی سیاسەتو جارێک بەناوی کەلەپورو کولتورەوە. فەلسەفەی کردنی ژیان بە هونەر بەرزکردنەوەی پرسیارە بەڕووی ئەو زاتەدا کە وەک دەرەنجامی کارکردنی ئەو فشارە دەرەکییانە دروستبووە. کردنی ژیان بە هونەر مانای گەڕاندنەوەی توانای خۆدروستکردن بۆ ئینسان خۆی. مانای تێپەڕاندنی ئەو لۆژیکە ئەخلاقییە باڵادەستەی کەداوای یەک شوناسی جێگیرو چەسپاوو نەگۆڕ لە ئینسان دەکات. لە کۆتاییەکانی ژیانیدا لەم روانگەیەوە فۆکۆ دەڵێت ”گەورەترین خۆشیی ژیانو خۆشیی کارکردن لەوەدایە ببیت بە کەسێک کە لەسەرەتادا ئەو نەبوویت“. واتە خۆشی ژیان لەوەدایە کە ئینسان بەردەوام لە دۆخی خۆگۆڕانو خۆدروستکردنو خۆپێناسکردنەوەدا دابنێت، لەدۆخی ئەوەدا ببێت بە کەسێکی دیکە جیاواز لەوەی لە ئێستادا ههیت، ببیت بە پرۆژەیەکی بێکۆتایی. ئەمەش مانای ئەوەی ئینسان بەردەوام رابکات لە ههموو ئەو پێناسانەی لەدەرەوەڕا بەسەریدا دەسپێندرێتو لەپاڵیاندا وێنەیەکی جێگیری بۆدروستدەکرێت. کردنی ژیان بە کارێکی هونەری مانای دەرکردنی ژیان لە قاڵبە جێگیرو نەگۆڕەکان، لە قاڵبەکانی دینەوە بۆ قاڵبەکانی سیاسەتو کولتورو کەلەپور. پرسیاری ئەخلاقی لای فۆکۆ ئەوەیە ئینسان چۆن بتوانێت زاتی خۆی بەو شێوەیە دابڕێژێتەوە بتوانێت دەربازببێت لە فشارو جەبرو داخوازییە دەرەکییەکان. چۆن ئەو شتانەی دەیانکاتو ئەو شتانەی حەزیان لێدەکات، چۆن ئەو دونیایەی تێیدا دەژی، چۆن ئەوەی کە ههیەو چۆن ئەو کەسەی کە بووە، پێی بخاتە ژێر پرسیارو پێداچوونەوەو داڕشتنەوەوە. چۆن ئینسان زاتی خۆی وەک زاتێکی ئیستاتیکیو ئەخلاقی داڕێژێت. واتە چۆن ببێتە ئەو شتەی کە ئەو لە ئێستادا ئەو نییە، کە عەقڵانیەتی باڵادەست ناھێڵێت ببێت پێیان، کە تیورە ئەخلاقییە تەقلیدییەکان وەک نەشیاوو نەکراوو نەوتراو مامەڵەی دەکەن. لەڕاستیشدا گرنگیو گەورەییو چێژی راستەقینەی ژیان لەوەدایە کە نازانین چی لێدێتو بەرەو کوێ دەڕواتو چیمانلێدەکاتو چیلێدەکەین. واتە نازانین چۆن دەگۆڕێینو دەبین بەچیو چ شتێکمان لێدروستدەبێت. ئەگەر ئینسان ههر لەسەرەتاوە بیزانیایە دەبێت بەچیو چۆن دەبێت بژیو پێویستە چیبکات ئەوا ژیان ئەو نرخو بەھاو چێژەی نەدەما کە پێویستە ههیبێت. ئەگەر داخوازییە ئەخلاقییە باڵادەستەکان دەیانەوێت بەر لە دایکبوونمان بۆمان دەستنیشانبکەن ئێمە چۆن بژینو ببین بە چیو ببین بە کێ، ئەوا کردنی ژیان بە هونەر ههموو دەرگاکان لەبەردەم ئینسانبوونێکی پێشتر پێناسهنەکراودا دەکاتەوە، لەبەردەم دونیایەکی کراوەو چڕو پڕ ههڵبژاردنی ئازادانەدا. |
, 17:56
,
2009/9/12
|
|
|
دواتر | پهڕه 23 له 83
| پێشوو
|
| |