ته‌نیایی
رۆحی من بێ ئیشه.. رۆحی من دڵۆپی باران‌و درزی خشته‌كان ده‌ژمێرێت.. جاری وا هه‌یه رۆحی من وه‌ك به‌ردی لاڕێكان تژییه له حه‌قیقه‌ت.. سوهراب سپهری
|
توانا ئه‌مین
ئه‌م وێبڵاگه بۆ.. بۆ ته‌نیایی..؟
راستی ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر بینیم كه له‌سه‌ر تۆڕی ئینته‌رنێت، جگه له‌و سایته ئه‌ده‌بی و فه‌رهه‌نگیییه گشتیانه‌ی من ده‌یانبینم، كۆمه‌ڵێكی هیجگار زۆر وێبلاگی تاكه‌كه‌سی هه‌یه، كه له‌ناو ئه‌وانه‌دا ژماره‌یه‌كیان هیجگار قه‌شه‌نگ و ناسكن، وێبلاگه‌كان وه‌ك سایته گشتییه‌كان خوێنه‌ر هه‌ناسه سوار ناكه‌ن و ره‌نگه دواجار لانه‌یه‌كی ئارم بن بۆ خوێنه‌رێكی شه‌كه‌ت..به هاندانی هاوڕێی ئازیزم {باران} بیرم له‌وه‌كرده‌وه منیش ماڵێكی بچوك، ژورێكی خنجیله له‌م هه‌رێمه بێسنوره‌ی ئه‌لكتروندا وه‌ربگرم.. جێگابوونه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی ته‌نیان له راستیدا له‌وه‌ها شوێنێكیشدا مه‌حاڵه...!
هه‌رچۆنبوو جارێ ئه‌م وێبڵاگه بچوكه‌مان خستۆته كار.. ئێوه‌ی ئازیز لێره‌دا ده‌توانن لانی كه‌م هه‌ندێك له‌نوسینه‌كانی من یان باشتر وایه بڵێم له خه‌یاڵاته‌كانی من ببینن.. به‌ڵێن به خۆم و به ئێوه‌ش له كوێدا تاقه‌تم لێی نه‌ما ده‌وه‌ستم..!
|
گه‌ڕان به‌دوای قوولاییدا
پاتریك زوسكیند
به مه‌به‌ستی هاندان و به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ نیازێكی خراپی بووبێت، ڕه‌خنه‌گرێك به‌ڕووی كچێكی خه‌ڵكی شتووتگارتدا، كه له یه‌كه‌مین پیشانگای تایبه‌تیی خۆیدا هه‌ندێ تابلۆی جوانی كێشابوو، گووتی: ئه‌و كارانه‌ی تۆ ده‌یانكه‌یت پڕ به‌هره و سه‌رنجڕاكێشن، به‌لام نه‌تتوانیوه زۆر به بابه‌ته‌كانتدا قووڵ ببیته‌وه. كچه‌كه تێنه‌گه‌شت له‌وه‌ی مه‌به‌ستی ڕه‌خنه‌گره‌كه چی بووه، بۆیه یه‌كسه‌ر تێبینییه‌كه‌شی له‌بیرچۆوه. به‌لام هه‌ر دوو ڕۆژ پاش ئه‌وه رۆژنامه‌یه‌ك دیدارێكی له‌گه‌ڵ ڕه‌خنه‌گره‌كه‌دا كردبوو، دیسان ڕه‌خنه‌گره‌كه گوتبووی: ئه‌و كچه هونه‌رمه‌نده گه‌نجه به‌هره‌ی زۆری هه‌یه و كاره‌كانیشی هه‌ر له یه‌كه‌م بینینه‌وه سه‌رنجت ڕاده‌كێشن، به‌لام به‌داخه‌وه بابه‌ته‌كانی قووڵ نیین. كچه‌كه كه‌وته بیركردنه‌وه، كه‌وته ڕامان له تابلۆكانی خۆی، به تابلۆ كۆنه هه‌ڵگیراوه‌كانیشیدا چووه‌وه، سه‌یری ئه‌و وێنانه‌شی كرد، كه ئێستا كاری تێدا ده‌كردن، به‌لام سه‌ری شووشه مره‌كه‌به چینییه‌كانی نایه‌وه، فڵچه‌كانیی شوشت، ده‌ستی دایه پیاسه‌كردن. ئێواره بانگهێشتی ئاهه‌نگێك كرا، هه‌مو خه‌ڵكی ئاهه‌نگه‌كه‌ش ڕه‌خنه‌كه‌ی سه‌ر ئه‌ویان له‌به‌ركردبو و هه‌موویان باسی ئه‌و به‌هره گه‌وره و سه‌رسووڕمانه زۆره‌یان ده‌كرد، كه له یه‌كه‌م ڕووانینه‌وه به كاره‌كانی ئه‌وه‌وه ده‌رده‌كه‌ون. به‌لام كچه‌كه توانیی له‌پشتی ورته‌ورتی قسه‌كان و له‌زمانی ئه‌و خه‌ڵكانه‌وه، كه له پشتی خۆیه‌وه وه‌ستابوون گوێی له‌وه‌ش بێـت، كه ده‌یانگووت: به‌لام قووڵ نابێته‌وه، ئه‌مه كه‌موكووڕییه‌كه‌یه‌تی، خراپ نییه، به‌لام به‌داخه‌وه قووڵیشی نییه. به‌درێژایی هه‌فته‌ی پاشتر ئه‌م كچه هیچ تابلۆیه‌كی تری نه‌كێشا، به‌بێده‌نگ له شووقه‌كه‌ی خۆیدا دانیشت، نووقمی ناو بیركردنه‌وه بوو، ته‌نها یه‌ك شت به‌مێشكیدا ده‌هات، وه‌ك چنگانه‌ی ناو قوولایی ده‌ریا به‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌كانی تری‌دا زاڵ بو و قووتیدان، ئه‌ویش ئه‌و پرسیاره بوو: بۆچی قووڵ نابمه‌وه؟ له هه‌فته‌ی پاشتردا سه‌رله‌نوێ كچه‌كه هه‌وڵیدایه‌وه وێنه بكێشێت، به‌لام نه‌یتوانی سنوری تابلۆی بێقوولایی تێبپه‌ڕێنێت، هه‌ندێ جار نه‌یشیده‌توانی ته‌نانه‌ت یه‌ك هێڵیش بكێشێت. دوواجار له‌رزێكی تووند دایگرت، پاش ئه‌و له‌رزه ئیتر نه‌یتوانی فڵچه‌كه‌ی بكاته‌وه به‌ناو شوشه مره‌كه‌به چینییه‌كه‌دا، كه‌وته گریان و ناڵین: به‌ڵێ ئه‌وه‌ی ئه‌یڵێن، ڕاسته هیچ په‌ییم به قووڵیی نه‌بردووه. له هه‌فته‌ی سێیه‌مدا كه‌وته چاوبڕینه‌سه‌ر كتێبه‌كانی باسی هونه‌ر و كاری هونه‌رمه‌نده‌كانی تر، كه‌وته گه‌شتكردنی نێوانی پیشانگاو مۆزه‌خانه‌كان. چه‌ند كتێبێكی تیۆره هونه‌رییه‌كانی خوێنده‌وه. چووه ناو كتێبخانه‌یه‌ك و داوای له فرۆشیاره‌كه كرد، قووڵترین كتێبی بواری هونه‌ری بداتی، ئه‌وه‌بوو كتێبی نوسه‌رێكی ده‌ست كه‌وت، ناوی (فیتنگشتاین) بوو، هیچ سودێكی له‌مه‌ش نه‌بینی. له‌ناو پیشانگایه‌كدا، كه له مۆزه‌خانه‌ی شاره‌كه‌دا له‌ژێر ناونیشانی (500ساڵ له وێنه‌كێشانی ئه‌وروپا) كرابۆوه، چووه ناو كۆمه‌ڵێك قوتابیی هونه‌ر، كه مامۆستایه‌ك ڕێبه‌رایه‌تیی ده‌كردن. له‌پڕدا له‌به‌رده‌م تابلۆیه‌كی (لیۆناردۆ داڤینشی) دا وه‌ستا، له مامۆستاكه نزیك بۆوه و لێیپرسی: ببوره، ده‌توانن ئه‌وه‌م بۆ ڕوون بكه‌نه‌وه، كه داخۆ له‌م وێنه‌یه‌دا قووڵیی هه‌یه؟ مامۆستاكه بزه‌یه‌كی گاڵته‌جاڕانه‌ی بۆ كرد و وتی: ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وی پێم ڕابوێریت، ئه‌وا ده‌بێ هه‌ندی وریاتربیت، خانمی به‌ڕێز قوتابییه‌كان پڕبه‌دڵ پێكه‌نیین، به‌لام كچه‌كه گه‌ڕایه‌وه ماڵه‌وه و به‌كووڵ گریا. نامۆبوونی كچه‌كه تاده‌هات ڕووی له زیادبوون بوو. زۆر به كه‌می نه‌بوایه شوێنی وێنه‌كێشانه‌كه‌یی به‌جێنه‌ده‌هێشت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نه‌یده‌توانی كاربكات. بۆئه‌وه‌ی خه‌ونه‌یباته‌وه ده‌رمانی بێداركردنه‌وه‌ی خوارد. نه‌یشیده‌زانی، كه بۆچی ده‌بێ بێداربێت و نه‌نوێـت. كه ماندوو ده‌بوو له‌ناو كورسیه‌كه‌یدا ده‌نووست، له‌به‌رئه‌وه‌ی له چوونه ناو جێگا ده‌ترسا.ترسی له قوولایی نوستن په‌یداكردبوو. كه‌وته مه‌شروب خواردنه‌وه و به‌درێژایی شه‌و گڵۆپ و ڕووناكیی ژووره‌كه‌یی نه‌كوژانده‌وه. چیتر وێنه‌ی نه‌كێشا. كه بازرگانێك له به‌رلینه‌وه په‌یوه‌ندیی پێوه‌كرد، له ته‌له‌فۆنه‌كه‌وه هاواریكرد: وازم لێبهێنه من قوولاییم نییه. جارناجارێك قووڕی ڕه‌نگه‌كانی تێكه‌ڵ ده‌كرد، به‌لام نه‌یده‌توانی شتێكی دیاریكراویان لی پێكبهێنێت.هه‌ر په‌نجه‌كانیی تێكه‌ڵی گیراوه‌كه ده‌كرد و لوله‌كی بچوك بچوكی لێ دروست ده‌كردن.. سیما‌و ڕوواڵه‌تی خۆیی فه‌رامۆش كرد. هیچ گوێی به جلوبه‌رگه‌كانی نه‌ده‌دا و شوقه‌كه‌شی شپرزه بوو. هاوڕێكانی نیگه‌ران بوون له‌باره‌یه‌وه و وتیان: ده‌بێـت به‌ته‌نگیه‌وه‌بین، چونكه له ته‌نگژه‌دایه، ئه‌م ته‌نگژه‌یه‌ی یان مرۆییه یان هونه‌رییه، له‌وانه‌شه هیی پاره‌بێت. بۆئه‌و باره‌ی یه‌كه‌م ناتوانین هیچ بكه‌ین، بۆ باری دووه‌م، ده‌بی خۆی بتوانێت به‌ره‌نگاریی ببێته‌وه. بۆ باری سێیه‌م ده‌توانین هه‌ندی كۆمه‌كی بۆ كۆبكه‌ینه‌وه، به‌لام به‌زۆری له‌وه‌ده‌چێ ئه‌م پاره‌كۆكردنه‌وه‌یه هه‌ستی بریندار بكات. وازیان له‌و پێشنیارانه هێنا و كه‌وتنه داوه‌تكردنی بۆ خوان و ئاهه‌نگه‌كان و ئه‌ویش به به‌هانه‌ی كاركردنه‌وه هه‌موو بانگهێشتكردنه‌كانی ڕه‌ت كرده‌وه. به‌لام كاریشی نه‌ده‌كرد و له ژووره‌كه‌یدا داده‌نیشت، چاوی ده‌بڕییه به‌رده‌ستی خۆی و ڕه‌نگه‌كانی تێكه‌ڵ ده‌كرد. جارێكیان زۆر له خۆی نائومێدبووبوو، بانگهێشتكردنێكیانی په‌سه‌ندكرد. كوڕێكی گه‌نج، كه زۆر حه‌زی لێكردبوو، ویستی له‌گه‌ڵ خۆیدا بیباته‌وه بۆ ماڵه‌وه، بۆئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵیدا بنوێت. كچه‌كه پێی گووت، ئه‌میش ئه‌وی به‌دڵه، به‌لام ده‌بێ وریابێت، چونكه ئه‌م هیچ قووڵییه‌كی نییه، له‌به‌رئه‌وه كوڕه‌كه‌ش هه‌ر له دووریه‌وه وه‌ستا. ئه‌م كچه، كه جاران تابلۆی جوان و سه‌رنجڕاكێشی ده‌كێشا، بارودۆخی تێكچوو. ئیتر چوونه ده‌ره‌وه‌ی نه‌ما، پێشوازیشی له كه‌س نه‌ده‌كرد. به‌هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی جووڵه‌یه‌وه قه‌ڵه‌و بوو، به ده‌رمان و كحول خواردنه‌وه‌ش زوو پیر بوو. ناو شوقه‌كه‌ی گه‌نی و خۆیشی بۆنی ترشه‌ڵۆكی لێده‌هات. بڕی (30 هه‌زار مارك) ی به میرات بۆ مابۆوه، ماوه‌ی سی ساڵ پێی ژیا. له‌و ماوه‌یه‌دا سه‌ردانێكی ناپولیی كرد و كه‌سیش نازانێـت له‌سایه‌ی چ بارودۆخێكدا چووه بۆ ناپۆلی. هه‌ر كه‌س پرسیاری لێكردبا، ئه‌م به بۆڵه‌بۆڵێك وه‌لامی ده‌دایه‌وه. كاتێكیش كه پاره‌كانی ته‌واوبوون كچۆڵه‌ی گه‌نج هه‌موو وێنه‌كانیی دڕاند و كوونكوونی كردن. چووه سه‌ر بورجێكی په‌خشی ته‌له‌فزیۆن و له به‌رزیی (139) مه‌تره‌وه خۆیی هه‌ڵدایه خواره‌وه، به‌ره‌و قوولایی. به‌لام له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و ڕۆژه بایه‌كی به‌هێز هه‌ڵیكردبوو، نه‌كه‌وته سه‌ر گۆڕه‌پانه قیرتاوكراوه‌كه‌ی ژێر بورجه‌كه. به‌ڵكو ڕه‌شه‌باكه هه‌ڵیگرت به‌ره‌و كێڵگه‌یه‌كی چه‌ڵتووكی دوور له كه‌ناری دارستانه‌وه و له‌وی كه‌وت به‌سه‌ر دارچنارێكدا، كه‌چی هه‌ر مرد. رۆژنامه‌وانیی زه‌رد به سوپاسگوزارییه‌وه هه‌واڵه‌كه‌یان وه‌رگرت. خودی خۆكوشتنه‌كه و ڕه‌وتی فڕینه سه‌یره‌كه‌ی و ئه‌و ڕاستییه‌ی، كه ئه‌م كچه ئومێدی هونه‌رمه‌ندێكی گه‌وره‌ی تێدابووه، سه‌رباری ئه‌وه‌ش جوان بووه، ئه‌مانه كۆمه‌ڵه زانیارییه‌ك بوون به‌هایه‌كی باشیان بۆ رۆژنامه‌كه هه‌بوو. وادیاره هه‌ندێ وێنه‌ی شپرزه‌یی ناو شوقه‌كه‌شیان گرتبوو، بۆئه‌وه‌ی وه‌ك نمونه‌ی نه‌هامه‌تییه‌كانی ژیانی پیشانی بده‌ن. شوقه‌كه هه‌زاران شووشه‌ی خاڵیی تێدابوو، هه‌موو كونجێكی سیمای وێرانه‌ی پێوه‌بوو، چه‌ند تابلۆیه‌كی دڕێندراو، بڵق و په‌ڵه‌ی قوڕ و بۆیه به‌سه‌ر دیواره‌كانه‌وه. ته‌نانه‌ت له‌چه‌ند كونجێكدا پاشه‌ڕۆش هه‌بوو. سه‌ركێشیی رۆژنامه‌كان گه‌یشته ئه‌وه‌ی باسه‌كه‌یان كرده مانشێتی دووه‌م و ڕاپۆرتیشیان له‌سه‌ر لاپه‌ڕه سێ بۆ بلاو كرده‌وه. له لاپه‌ڕه ئه‌ده‌بییه‌كه‌شدا هه‌ر هه‌مان ڕه‌خنه‌گر پلارێكی نوسبوو، تێیدا خه‌مخۆریی زۆری خۆیی ڕاگه‌یاندبوو له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه كچه‌كه به‌م كۆتاییه خه‌مۆكه گه‌یشتبوو.، نوسیبووی: (جارێكی تریش ئه‌م كچه له‌ناخه‌وه ده‌مانهه‌ژێنی، هه‌ژاندانی ئه‌و ڕاستییه‌ی، كه ئێمه‌ی زیندووان ببینین به‌هره‌یه‌كی لاوی وا، هێنده هێزی نییه بتوانێـت بوونی خۆی له‌ناو كه‌شه هونه‌رییه‌كه‌دا بسه‌پێنێت. بۆیه لێره‌دا هاندانی ئه‌مانه له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه و ده‌ستپێشخه‌رییه تاكه‌كه‌سییه‌كانیش ناتوانن ڕۆڵی یه‌كلاییكه‌ره‌وه ببینن، له‌و كاته‌دا، كه مه‌سه‌له‌كه په‌یوه‌ندیی به‌وه‌وه هه‌یه، كه ده‌بێ به پله‌ی یه‌كه‌م بوار بۆ ئه‌وه بڕه‌خسێندرێت گرنگی به بواری مرۆیی بدرێ و هاوشان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌دا تێگه‌یشتنێكیش بۆ لایه‌نی هونه‌ری هه‌بێـت. به‌لام ئه‌نجامی ئه‌م ئاكامه ترسناكه هه‌ر ده‌كه‌وێته‌وه سه‌ر تاكه‌كه‌س خۆی. داخۆ ئه‌و كاره هونه‌رییه به‌راییانه‌ی ئه‌م خانمه، كه به‌ڕواڵه‌ت ساده‌ن، نه‌یانتوانیوه باس له‌و په‌رشبوونه ترسناكه بكه‌ن، ئایا له‌و ته‌كنیكه قورسانه‌ی ئه‌وه‌وه، كه په‌یامێكیان تێدایه، ئه‌و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی به‌ره‌وناخه ناخوێنینه‌وه، كه به‌شێوه‌یه‌كی لوله‌كی ناخی مرۆڤ هه‌ڵده‌كۆڵێت؟ به‌لام ده‌بینی، به‌ڕوونی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی بێسووده و مرۆڤ به‌رامبه‌ر به‌ناخی خۆی هه‌ڵده‌گه‌ڕێنێته‌وه! ئه‌مه پشكنین و گه‌ڕانێكی ناچارییه و ئاكامه‌كانیشی مه‌ترسیدارن، حه‌ز ده‌كه‌م بڵێم، هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یه‌كه به‌زه‌یی به قولاییدا نایه‌ته‌وه). و/ كامیل محه‌مه‌د قه‌ره‌داغی |
, 18:07
,
2009/9/5
|
|
|
دواتر | په‌ڕه 25 له 83
| پێشوو
|
| |