ئێرنێست هێمینگوێی
وه‌رگێڕانی:عه‌زیز مه‌حموودپوور
پشیلەی ژێر باران، کە وەرگێڕ لێرەدا بە (پشیله له بن باراندا) وەریگێڕاوە بەلای منەوە یەکێک لە هەرە چیرۆکە چوانەکانی هێمنگوایە، بۆیە لێرادا بۆتان دەنوسمەوە..
هۆتێل ته‌نیا دوو ئامریکایی لێ بوو. ئه‌وان که‌سیان له‌وانه‌ی له وه‌ختی هاتنه‌ده‌ر و چوونه ژوور له وه‌تاغه‌ک ه‌یان، توشیان ده‌بوون نه‌ده‌ناسی. وه‌تاغه‌که‌یان له نهۆمی دووی هۆتێل و به‌رامبه‌ر به ده‌ریا بوو. ده‌یڕوانی به‌سه‌ر پارکی میللی و ستونی یاده‌وه‌ری شه‌ڕدا. پارکی میللی دارخورمای گه‌وره و کورسیله‌ی سه‌وزی لێ‌بوو. وه‌ختایه‌ک هه‌وا خۆش بایه، دایم نه‌قاشێک به سێپایه‌که‌یه‌وه له‌وێ ده‌بیندرا. نه‌قاشه‌کان چۆنیه‌تی سه‌وز بوونی دارخورماکان و ڕه‌نگی کاڵی ئه‌و هۆتێلانه‌ی ڕوووه‌و باغ و ده‌ریا بوون،خۆش ده‌ویست. ئیتالیایه‌کان له ڕێی دوورڕا ده‌هاتن بۆ دیتنی ستونی یاده‌وه‌ری شه‌ڕ. ستونه‌که له بڕۆنز ساز کرابوو و له ژێر باراندا ده‌تروسکاوه. باران ده‌باری و دارخورماکان ئاویان لێده‌چۆڕا. نێونێوه ئاو له قوڵکه‌ی جاده‌ی خیزڕێژکراودا پۆنگی خواردبۆوه. ده‌ریا، له بن باراندا له هێڵێکی ڕاست و درێژدا، تێکده‌شکا و له که‌ناره‌وه به‌ره‌و شوێنی خۆی داده‌کشاوه، هه‌تا جارێکی دیکه له بن باراندا له هێڵێکی ڕاست و درێژدا سه‌ر هه‌ڵداته‌وه و تێک بشکێته‌وه. ماشێنه‌کان مه‌یدانی لای ستونی یاده‌وه‌ریان به‌جێ هێشتبوو. له‌و لای مه‌یدان، له‌به‌ر ده‌رکه‌ی قاوه‌خانه، پێشخزمه‌تێک ڕاوه‌ستابوو و له مه‌یدانی چۆڵی ده‌ڕوانی. ژنه ئامریکاییه‌که، له ته‌نیشت په‌نجه‌ره ڕاوه‌ستا و چاوی له ده‌رێ بڕی. له ده‌رێ، ڕاست له بن په‌نجه‌ره‌ی دیوه‌که‌ی ئه‌وان پشیله‌یه‌ک له بن یه‌کێک له میزه سه‌وزه‌کان، که ئاوی لێده‌چۆڕا، کوشمه‌ڵه‌ی کردبوو. پشیله‌که حه‌ولی ده‌دا خۆی وا وێک بێنێته‌وه دڵۆپه بارانی وێ نه‌که‌وێ.
ژنه ئامریکاییه‌که کوتی:«ده‌چمه خوارێ ئه‌و پشیله‌یه بێنم.»
مێرده‌که‌ی له نێو جێ‌دا کوتی:«من ده‌چم.»
« نا به خۆم ده‌چم، به‌سته‌زمان له بن میزه که‌دا خۆی وێک هێناوه‌ته‌وه هه‌تا ته‌ڕ نه‌بێ.»
مێرده‌که‌ی له‌سه‌ر ته‌خته‌که ڕاکشابوو و دوو باڵنجی خستبووه بن لاقیه‌وه، درێژه‌ی به خوێندنه‌وه‌که‌یدا و کوتی:«ته‌ڕ نه‌بی.»
ژنه له پلیکانه‌کان هاته خوارێ و وه‌ختایه‌ک له حاند ده‌فته‌ری هۆتێله‌وه تێپه‌ڕی، خاوه‌ن هۆتێل هه‌ستا و سه‌ری ڕێزی بۆ دانه‌واند. پیره‌پیاوێکی باڵابه‌رز بوو و میزی کاره‌که‌ی له‌وسه‌ری هۆده‌که بوو.
ژنه کوتی:«باران ده‌بارێ.» ئه‌و خاوه‌ن هۆتێلی خۆش ده‌ویست. خۆشی له جددی بوونی له وه‌ختی ڕاگه‌یشتن به شکایه‌ته‌کان ده‌هات. خۆشی له مه‌ندی و ماقوڵی ئه‌و ده‌هات، خۆشی له شێوه‌ی خزمه‌ت و پێڕاگه‌یشتنی ئه‌و ده‌هات، خۆشی له‌و هه‌سته ده‌هات وا سه‌باره‌ت به خاوه‌ن هۆتێل بوون هه‌یبوو. خۆشی له ڕوخساری به‌ساڵاچوو و نه‌جیم و ده‌سته گه‌وره‌کانی ئه‌و ده‌هات.
ژنه ده‌رکه‌ی کرده‌وه و ڕوانییه ده‌رێ. باران به‌خوڕتر ده‌باری. پیاوێک له چاکه‌تێکی بارانیدا له‌وسه‌ری مه‌یدانی خاڵیڕا به‌ره‌و قاوه‌خانه ده‌چوو. ده‌بێ پشیله‌که له جێیه‌ک له لای ڕاسته‌وه بێ. شایه‌دیش باشتر وابوو به بن گوێسوانه‌کاندا به‌ره‌و لای بچێ. له چوارچێوه‌ی درگاکه‌دا ڕاوه‌ستا بوو، چه‌ترێک له‌سه‌ر سه‌ری کراوه. کچی خزمه‌تکارێک بوو که کاروباری دیوه‌که‌ی ئه‌وانی ڕاده‌په‌ڕاند.
کچه پێکه‌نی و به ئیتالیایی کوتی:«بۆ وه‌ی ته‌ڕ نه‌بن.»
حه‌تمه‌ن خاوه‌ن هۆتێل ئه‌وی ناردبوو.
له گه‌ڵ کچه، که چه‌تره‌که‌ی بۆ ڕاگرتبوو، له جاده خیزڕێژه‌که‌ڕا هه‌تا په‌نجه‌ره‌ی خوار وه‌تاغه‌که‌یان ڕۆیشتن. میزه‌که له جێی خۆی بوو و ڕه‌نگه سه‌وزه کاڵه‌ی باران شتبوویه‌وه، به‌ڵام پشیله‌که ڕۆیشتبوو. ژنه کوت وپڕ خه‌م دایگرت. کچه چاوی تێبڕی و کوتی:« شتێکتان لێ ون بووه خانم؟»
ژنه ئامریکاییه‌که کوتی:«ئێره پشیله‌یه‌کی لێ‌بوو.»
« پشیله؟»
« به‌ڵێ پشیله‌یه‌ک.»
«پشیله‌یه‌ک؟» کچه پێکه‌نی.«پشیله‌یه‌ک له بن باراندا؟»
ژنه کوتی:«ئه‌رێ، له بن میزه‌که‌دا.» پاشان کوتی:« حاه چه‌نده‌م خۆش ده‌ویست. من پێویستم به پشیله‌یه‌ک بوو.»
وه‌ختایه‌ک ژنه به ئینگلیسی دوا کچه نێوچاوانی تێک نا.
کچه کوتی:«با بڕۆین خانم، ده‌بێ بڕۆینه ژوورێ، ته‌ڕ ده‌بن.»
ژنه ئامریکاییه‌که کوتی:«ئه‌رێ وایه.»
سه‌ر له نوێ به جاده خیزڕێژه‌که‌دا گه‌ڕانه‌وه و له ده‌رکه‌وه وه‌ژوور که‌وتن. وه‌ختایه‌ک ژنه ئامریکاییه‌که له حاند ده‌فته‌ری هۆتێله‌وه تێپه‌ڕی، سێحه‌ب هۆتێل له پشت میزه‌که‌ی هه‌ستا و بۆی نوشتاوه. ژنه هه‌ستی کرد خورپه‌یه‌کی بچووک به دڵ و ده‌رونیدا تێپه‌ڕی. خاوه‌ن هۆتێل هانیدا خۆی یه‌کجار بچووک و له هه‌مان کاتدا یه‌کجار گرینگ هه‌ست پێبکا. به پلیکانه‌کاندا هه‌ڵزنا. درگای وه‌تاغه‌که‌ی کرده‌وه. «جۆرج» له سه‌ر ته‌ختی خه‌و کتێبی ده‌خوێنده‌وه. کتێبه‌که‌ی وه‌لا نا و کوتی:«پشیله‌که‌ت گرت؟»
«ڕۆیشتبوو.»
پیاوه‌که، که ماندوویی له چاوی ده‌تاراند کوتی:«پێم سه‌یره بڵێی چی لێ هاتبێ؟»
ژنه له سه‌ر ته‌ختی خه‌وه‌که دانیشت و کوتی:«زۆرم خۆش ده‌ویست، نازانم بۆ هێنده‌م خۆش ده‌ویست؟ من ئه‌و پشیله به‌سته‌زمانه‌م ده‌ویست. هیچ خۆش نییه له ده‌رێ پشیله‌یه‌ک له بن باراندا بێ.»
جۆرج سه‌ر له‌نوێ ده‌ستی به کتێب خوێندنه‌وه کرد.
ژنه ڕۆی و به‌رامبه‌ر به میزی ئارایش دانیشت و له ئاوێنه‌یه‌کی چوکه‌ڵه‌ڕا له به‌ژن و باڵای خۆی ڕوانی، له پێشدا له لاشانێکه‌وه و پاشان له لاشانێکی دیکه‌وه چاوی تێبڕی و دوایی ڕوانییه سه‌ر و گه‌ردنی. وه‌ختایه‌ک سه‌ر له‌نوێ چاوی تێده‌بڕی پرسی:«به ڕای تۆ باشتر نییه لێی گه‌ڕێم درێژ ببێته‌وه؟»
جۆرج سه‌ری هه‌ڵبڕی و چاوی بڕییه پشته سه‌ری که وه‌ک سه‌ری کوڕێک هه‌ڵپاچرابوو و کوتی:«من ئاواش هه‌ر خۆشم ده‌وێ.»
ژنه کوتی:«من لێی وه‌ڕه‌ز بووم. له‌وه‌ی قه‌ڵافه‌تی کوڕانه‌م هه‌بێ ڕقم هه‌ڵده‌ستێ.»
جۆرج هێندێک ئه‌مبار و ئه‌وبار بوو. له‌و وه‌خته‌وه‌ی ژنه ده‌ستی کردبوو به قسه‌کردن چاوی له سه‌ر هه‌ڵنه‌گرتبوو.
پیاوه کوتی:«زۆریشت لێ جوانه.»
ژنه ئاوێنه‌که‌ی له سه‌ر میزه‌که دانا و ڕووی کرده په‌نجه‌ره و چاوی له ده‌رێ بڕی. خه‌ریک بوو وڵات تاریک ده‌بوو.
ژنه کوتی:«پێم خۆشه قژه‌کانم له پشت سه‌رم توند که‌م و گرێیه‌کی گه‌وره‌ی لێده‌م. پێم خۆشه به‌چکه پشیله‌یه‌کم هه‌بێ و بیخه‌مه کۆشمه‌وه و هه‌ر وه‌ختێکی لاواندمه‌وه و ده‌ستم پێداهێنا بمرخێنێ.»
جۆرج له ته‌خته‌که‌یدا کوتی:«چی دیکه‌ش؟»
«پێم خۆشه له پشت میزێک دانیشم و له پوڵی خۆم خوارده‌مه‌نی بخۆم. پێم خۆشه مۆم داگیرسێنم. پێم خۆشه به‌هاربێ. پێم خۆشه له به‌ر ئاوێنه قژه‌کانم دابێنم. پێم خۆشه به‌چکه پشیله یه‌کم هه‌بێ. پێم خۆشه چه‌ن ده‌ستم لیباسی تازه هه‌بێ.»
جۆرج کوتی:«حه‌ی هوو، بێده‌نگ به و ده‌ستده کتێبێک و بیخوێنه‌وه.» و سه‌ر له‌نوێ درێژه‌ی به خوێندنه‌وه دا.
خێزانی له په‌نجه‌ره‌ڕا ده‌یڕوانییه ده‌رێ. ئێستا وڵات ته‌واو تاریک ببوو و باران به‌رده‌وام به‌سه‌ر دارخورماکاندا ده‌باری.
ژنه کوتی:«کارم به‌وانه نییه، من پشیله‌یه‌کم ده‌وێ، پشیله‌یه‌کم ده‌وێ، هه‌ر ئێستا پشیله‌م ده‌وێ. ئه‌گه‌ر ناتوانم قژی درێژ یان دڵ خۆشییه‌کم هه‌بێ خۆ ده‌توانم پشیله‌یه‌کم هه‌بێ.»
جۆرج گوێی نه‌ده‌دایه. کتێبه‌که‌ی ده‌خوێنده‌وه. خێزانی ده‌یڕوانییه ده‌ره‌وه‌ی په‌نجه‌ره و مه‌یدان که چراکانی هه‌ڵکرابوون. که‌سێک له درگای دا ... جۆرج سه‌ری له سه‌ر کتێبه‌که‌ی هه‌ڵگرت وکوتی:«فه‌رموون.»
کچه خزمه‌تکاره‌که له چوارچێوه‌ی درگاکه‌دا قوت بۆوه. پشیله‌یه‌کی خرپنی که تیسکه‌کانی ده‌بریقانه‌وه، توند به خۆوه کوشیبوو و له ئامێزی گرتبوو. پشیله‌که حه‌ولی بوو خۆی له ئامێزی ده‌رباوێ.
کچه کوتی:«بمبوورن. خاوه‌ن هۆتێل کوتی ئه‌وه بێنم بۆ خانم.»
|