ئیسماعیل حه‌مه ئه‌مین
چیرۆکی شه‌قامی سه‌هۆڵه‌که، چیرۆکی شوێنی کۆمه‌ڵێک ڕۆشنبیری خه‌وبینه‌ر بوو، که‌ئێواران له‌گه‌ڵ داوکه‌تنی خۆرئاوادا له‌به‌رده‌م چایخانه‌یه‌کی سه‌فه‌ری و وه‌چاخێکی بچوکدا یه‌کیانده‌گرته‌وه. له‌باخچه‌یه‌کی بچوکی به‌رده‌م یه‌که‌م دوکانی ڕیزه‌دوکانه‌که داده‌نینشتن و تادره‌نگانێک، باسیان، چاکتر وایه بڵێم باسمان له‌بنیویه‌ت و وجودیه‌ت و مارکسیه‌ت و ئه‌ده‌ب و سوریالیه‌ت ده‌کرد.. چۆن هه‌مووان لێره کۆبووینه‌وه، چۆن یه‌کمانگرت له‌و شه‌قامه!، چۆن به‌چاوی گومانه‌وه وه‌ک کۆمه‌ڵێک (وجودی) لات و پات، بێگومان سه‌ربازی هه‌ڵاتوو له‌جه‌نگه به‌رده‌وامه‌کانی سه‌دام سه‌یرده‌کراین!، چۆن ئاوه‌ها له‌دوایدا هه‌مووان به‌ره‌و مه‌نفاکان کۆچمان کرد به‌چایچیه‌که‌ی هاوڕێمانه‌وه، که‌دوای کۆچی ئێمه ته‌نیا که‌وتبۆوه‌و ئه‌ویش له‌تاڕواگه‌کاندا گیرسیایه‌وه. چۆن هه‌مووان له‌دوای ڕاپه‌ڕین له‌به‌ر هۆکاری سیاسی له‌گه‌ڵ یه‌کتر به‌شه‌ڕ ده‌هاتین و ئێوارانیش گه‌ر پاره‌مان پێ بووایه ده‌چووین له‌یانه‌ی بازرگانی، به‌تایبه‌ت له‌پایزدا له‌گه‌ڵ هه‌ڵدانی پێکی ئه‌ره‌قی هه‌رزاندا شیعر یان چیرۆکمان بۆ یه‌کتری ده‌خوێنده‌وه. ئه‌و زه‌مه‌نه نه‌ڕۆژنامه هه‌بوو ، نه‌گۆڤار، نه‌ده‌زگایه‌ک هه‌بوو پێی بڵێن کورسیه‌کی هه‌یه بۆ ئه‌ده‌ب، بۆ هونه‌ر و خه‌وبینه‌ره‌کان. نه‌وه‌ی ئێمه، نه‌وه‌یه‌ک بووین له‌نێو جه‌نگه‌کانه‌وه، وه‌ک کۆمه‌ڵێک ڕیشۆڵه‌ی کۆچه‌ری و تێکشکاو له‌و شوێنه (له‌چایخانه‌ی سه‌ناعه و پاشان له‌سه‌هۆڵه‌که) یه‌کمانده‌گرته‌وه. ئه‌م هاوڕێیه‌مان له‌به‌ره‌کانی جه‌نگی کوێت هه‌ڵاتبوو، ئه‌ویتر ساڵه‌ها بوو ناسنامه‌ی ساخته‌ی پێ‌بوو، ئه‌میش چیرۆکنوسێکی خه‌یاڵی بوو وه‌ک هه‌ڵاتوویه‌ک له‌به‌ره‌کانی جه‌نگ له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا هونه‌رمه‌نده له‌به‌رده‌م باخچه بچوکه‌که، هه‌مووان ده‌گیرساینه‌وه. ئه‌و باخچه بچوکه ناومان نابوو (باخچه‌ی وجود). جله‌کانمان و ڕیش هێشتنه‌وه‌مان و جینزی(کاوبۆ) کۆن له‌به‌رکردنمان، جێگه‌ی سه‌رنجی ڕێبوارانی کۆنزه‌فاتیڤ وکۆنه‌خوازه‌کان بوو، له‌هه‌مان کاتیش‌دا داوێکی جوان بوو بۆ یه‌کترناسینمان له‌گه‌ل ئه‌و کیژانه‌ی به‌وێدا تێپه‌ڕده‌بوون و به‌لاچاو له‌هێماکانیان تێده‌گه‌یشتین. له‌نێو ئه‌و دۆزه‌خی جه‌نگه‌دا، سه‌هۆڵه‌که بۆ ئێمه بوو به‌شوێنێک ده‌مانتوانی زه‌مه‌نی خه‌ونی خۆمانی تێدا درێژبکه‌ینه‌وه. (باخچه‌ی وجود) بۆ ئێمه ئه‌و له‌و باخه خه‌یاڵیه‌یه‌ی ده‌کرد غه‌زه‌لنوس له‌ڕۆمانی غه‌زه‌لنوس و باخه‌کانی خه‌یاڵدا پێدا تێپه‌ڕده‌بوو. شوێنێک بوو بۆ دوورکه‌وتنه‌وه له‌سه‌ختی دنیای ڕیالیستی خۆمان که‌خۆی له‌داخرانی هه‌موو ئاسۆگه‌یه‌ک ده‌بینیه‌وه له‌به‌ر‌ده‌ماندا. ترسێک به‌وه‌ی ڕۆژێک ده‌مانگرن و له‌سووچێکی زیندان یان له‌که‌لاوه‌یه‌کداوه‌ک سه‌ربازی هه‌ڵاتوو بۆ ته‌مێکردن و ترساندن گولله‌بارانمان ده‌که‌ن، ترسێک بوو به‌رده‌وام هه‌موو هه‌ڵاتوویه‌کی وه‌ک ئێمه‌ی ختوکه ده‌دا. ئێمه بۆ هه‌ڵاتن له‌و ترسه و پرته‌وبۆڵه‌ی باوکانمان به‌وه‌ی به‌م سه‌ر‌کێشیه‌مان ماڵیان وێران ده‌که‌ین، ئێواران یه‌کمانده‌گرته‌وه، له‌سه‌هۆڵه‌که باسمان له‌و ترسه و شه‌ڕه جه‌رگبڕانه نه‌ده‌کرد له‌ماڵه‌کانماندا هه‌ناوی ده‌خواردین، باسمان له‌و بێپاره‌ییه سه‌یره نه‌ده‌کرد که‌سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خاوه‌نی بڕوانامه‌ی باڵا بووین، که‌چی پاره‌ی چایه‌ک له‌هه‌ندێک ئێواراندا ده‌چووه سه‌ر لیستی قه‌رزارییه‌کانمان. باسمان له‌و چاره‌نوسه نادیاره نه‌ده‌کرد که‌چاوه‌ڕێی ده‌کردین. نه‌خێر باسی هه‌موو ئه‌وانه‌مان نه‌ده‌کرد، به‌ڵکو باس ته‌نها باسی شیعر و ئه‌ده‌ب و کتێب گۆڕینه‌وه بوو، که‌ئه‌و زه‌مه‌نه زۆربه‌یان به‌زمانی عه‌ره‌بی بوو. خه‌ون به‌پاشه‌ڕۆژێک که‌بتوانین پێشانگاکانی شێوه‌کارانی هاوڕێمان له‌پێسنگای تایبه‌تدا نمایش بکه‌ین،خه‌ونه‌ک بوو تائێستا به‌دینه‌هاتووه. ئێمه‌و زۆری تر که‌له‌سه‌هۆڵه‌که ده‌گیرسانه‌وه، خه‌ونمان ده‌بینی به‌دنیایه‌ک دوای ڕووخانی سه‌دام، ئه‌م خه‌ونه به‌و شێوه‌ی ئێمه بیرمان له‌بوونی ده‌زگاکانی ڕۆشنبیری ده‌کرده‌وه تاوه‌کو ئێستاش وه‌ک خۆی له‌زه‌مه‌نی ئه‌و شوێنه‌دا باڵه‌فڕه‌یه‌تی.
گاڵته‌جاڕییه‌کانی قه‌ده‌ر له‌وه‌دابوو گه‌ر هێزه‌کانی ئاسایشی به‌عس به‌وێدا تێپه‌ڕانایه له‌ئێمه‌یان نه‌ده‌پرسی، ده‌بێت ئه‌م کۆمه‌ڵه گه‌نجه سه‌رلێشواوه، خه‌وبینه‌ره چ توانایه‌کیان هه‌بێت، له‌به‌رئه‌وه ئه‌مه‌یان تێپه‌ڕ ده‌کرد و ده‌چوون داوای ناسنامه‌یان له‌وانه ده‌کرد سمێڵیان ڕه‌شتر و ئه‌ستوتره و جلی کوردیان له‌به‌ردایه. ئێمه ئه‌و کۆمه‌ڵه ڕیشۆڵه‌یه بووین له‌نێو هه‌ڵۆکاندا به‌خه‌وبینه‌ری مابووینه‌وه. به‌عسیه‌کان نه‌یانده‌زانی که‌هه‌ندێک له‌ئێمه ئه‌ندامی کۆمه‌ڵهی ڕه‌نجده‌ران و شیوعی و پارته سیاسیه‌کان بووین، له‌ڕۆژی ڕاپه‌ڕینیشدا یه‌که‌م که‌س که‌جارجاره ده‌هات بۆ ناومان و باسی پڕۆژه‌ی ئۆپێرایه‌کی ده‌کرد به‌ناوی (هاملێت)، له‌به‌ره‌به‌یانی ڕاپه‌ڕینداشه‌هید بوو. هاملێت له‌پڕۆژه ئۆپێرایه‌که‌ی ئه‌ودا جیاوازی ئه‌وه بوو، که‌دوو ئۆڤیلیا بوونیان هه‌بوو، یه‌کێکیان ڕه‌ش و ئه‌ویتر سپی. ئه‌م ئۆپێرایه خه‌ونی هاوڕێێ شه‌هیدمان مامۆستا (ئه‌ریوانی مامۆستا عومه‌ر ده‌وڵه‌ت) بوو، که‌ته‌واوی تێکسته له‌لایه‌ن شاعیری ئازیز (ئه‌حمه‌د ڕه‌زا) ئاماده‌کرابوو، ئه‌ریوان که‌ده‌هات بۆ لامان به‌جگه‌ره‌یه‌کی لالێویه‌وه که‌له‌ئه‌کته‌رێکی ته‌مومژاوی نێو فلیمه‌ڕه‌ش و سپیه‌کان ده‌چوو، باسی له‌و ئۆپێرایه ده‌کرد، باسی له‌ئاڵۆزی ئۆپێرا ده‌کرد له‌نێو خه‌ڵکانێکدا هێشتا ترسی مانه‌وه‌ی جه‌ستیه‌یان، ترسیان له‌وه‌س سبه‌ی به‌ر گولله و زیندانی ئه‌به‌دی به‌عس نه‌که‌ون، کارێکی گرانه. ترسی ئه‌وه‌ی خه‌ڵکێک نه‌بێت چێژ له‌ئۆپێرا وه‌رگرێت، بێگومان ئه‌مه ئیشکالیه‌تێکی هونه‌ری سیاسی و فه‌لسه‌فی بوو که‌جار جاره له‌گه‌ڵ ئه‌ریواندا باسمان ده‌کرد. ئه‌ریوان له‌به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی ڕاپه‌ڕیندا بوو به‌یه‌که‌م شه‌هیدی هونه‌رمه‌ند...من دوای ئه‌م هه‌موو ساڵه، هه‌میشه واهه‌ستده‌که‌م ڕۆحی ئه‌و ئۆپێرایه له‌وێدایه، هێشتا که‌ده‌گه‌مه شوێنای باخچه بچوکه‌که‌مان (باخچه‌ی وجود) بیر له‌و هه‌ردوو ئۆڤیلیای ڕه‌ش و سپی ده‌که‌مه‌وه، پێکه‌وه به‌گوێچکه‌ی هاملێتدا ده‌چرپێنن، هاملێتی خومار به‌توڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی کوشتنی باوکی به‌ده‌ستی مامی، سه‌رمه‌ست به‌تۆڵه و ڕق له‌دایک که‌شووی کردۆته‌وه به‌مامی بۆ ئه‌وه‌ی ته‌ختی پادشاهی به‌رده‌وام بێت له‌یارییه پیسه‌کانی ده‌سه‌ڵات. هاملێت بێ‌ئاگا له‌دنیا، سه‌رمه‌ست به‌خه‌ونه‌کانی، ئاگای له‌ئه‌شقی ئۆڤیلیا نییه. به‌ڵام مه‌ریوان ئه‌مجاره ئۆڤیلیای کردبوو به‌دوو کاراکته‌ر و ته‌واوی تۆبۆگرافیای شانۆیه‌که‌ی گۆڕیبوو..هێشتا له‌سه‌هۆڵه‌که ڕۆحی ئه‌و ئۆپێرایه باڵه‌فڕیه‌تی...ئاوه‌ها سه‌هۆڵه‌که شوێنی ئێمه‌ی ونبوو بوو، ئێمه که‌له‌نێو جه‌نگ و خه‌ونی به‌دینه‌هاتوودا خه‌وبینه‌ری ئه‌به‌دی بووین. ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی فیکر و ئه‌ده‌ب و هونه‌ر کۆیده‌کردینه‌وه، له‌زۆر بواری تری ژیاندا ئه‌زمونی خۆمان هه‌بوو بوو، تێماندا بوو چه‌نده‌ها ساڵ بوو پێشمه‌رگه بوو، زیندانی سیاسی بوو. به‌ڵام شێوه‌مان، ئێستاشی پێوه‌بێت له‌قاره‌مان و پاڵه‌وان و پڕۆتاگۆنیست ناچین، له‌به‌ر ئه‌وه ئێمه له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و هاوکێشه‌یه مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵدا ده‌کرا. ئێمه قاره‌مان نه‌بووین، به‌ڵکو خه‌وبینه‌ر بووین به‌گۆڕانی ئه‌م واقیعه تاڵه.
له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه به‌هه‌مان شێوه ده‌سه‌ڵاتی کوردی هه‌مان ڕوانینی هه‌بوو بۆ ئێمه‌ی هه‌ڵنیشتووی ئێوارانی باخچه‌ی وجود. ئیدی سه‌هۆڵه‌که له‌دوای کۆڕه‌وه‌که بووه شوێنی پرسینی هه‌واڵی یه‌کتری، تاوه‌کو جارێکی دیکه و به‌ئه‌زمونێکی تره‌وه و له‌زه‌مه‌نێکی تردا که‌ئازادیه‌کی وه‌حشتگه‌ری میلیشیایی هه‌بوو، یه‌کمانگرته‌وه. ده‌م و چاوه‌کان یه‌کیانگرته‌وه، ئه‌م باوکی له‌کۆڕه‌ودا گیانی له‌ده‌ستدابوو، ئه‌م بریندار بوو، ئه‌ویتر له‌ئێرانه‌وه نه‌هاتبۆوه، ئاوه‌ها له‌ئه‌زمونی سه‌ربازی هه‌ڵاتووییه‌وه بۆ به‌ره‌ڵاییه‌ک که‌میلیشیای پارتی و یه‌کێتی به‌چه‌که‌کانیه‌وه به‌به‌رده‌ماندا تێده‌په‌ڕین، خه‌ونی ئه‌وان و ئێمه دیسانه‌وه یه‌کینه‌ده‌گرته‌وه. یه‌کێتیه‌کانی نوسه‌ران و هونه‌رمه‌ندان، خه‌و‌نیان له‌شه‌ڕی لیستی سه‌وزو زه‌ردا گیری خواردبوو. سه‌ڕه‌ڕای په‌یدابوونی ڕۆژنامه‌ی حزبی ، هێشتا ڕووبه‌ر نه‌بوو بۆ ئه‌ده‌بی ڕاسته‌قینه، بۆخه‌ون، بۆ ڕه‌خنه. سه‌ره‌ڕای بوونی هۆڵی نمایش، ته‌خته‌یه‌کی شانۆ نه‌بوو بۆ ئه‌و شانۆکارانه‌ی ئێواره له‌گه‌ڵ چاخواردنه‌وه باسیان له بیکێت، ئارتۆ، ستانسلاڤسکی، ده‌کرد و له‌هه‌موو شوێنێکی هونه‌ری فه‌رامۆش ده‌کران. بۆ من و هاوڕێکانیشم گۆڤارێک نه‌بوو، ڕۆژنامه‌یه‌ک نه‌بوو ڕووبه‌رێکی باش بێت بۆ بڵاوکردنه‌وه. ئیدی وه‌ک جاران هه‌ر ئێواران له‌وێ، له‌شوێنی خه‌ونه‌که‌نمان باسمان له‌ئه‌ده‌ب و دالی و کامۆ و فۆکۆ و بنیویه‌ت و مۆدێرنه و تیۆره‌کانی فرۆید ده‌کرد، سه‌یر له‌وه‌دابوو زۆربه‌مان له‌و بواری شێوه‌کاری و شانۆ و سایکۆلۆژیا و کۆمه‌ڵناسیدا، ده‌رچووی زانکۆکانی سه‌ڵاحه‌دین و به‌غدا بووین.. له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو ده‌زگاکان، ئێواران له‌وێ خه‌ونمان ده‌بینی به‌دواڕۆژه‌وه.
ئه‌م گردبوونه‌وه‌یه له‌شوێنێکدا، (ئاماژه‌کارییه‌ی شوێن) زیندو ده‌کاته‌وه. شوێن ئاماژه‌کاییه‌کانی خۆی به‌رهه‌مدێنێت، به‌وه‌ی شوێن ڕه‌مزیه‌تی خۆی، سمبۆله نادیاره‌کانی خۆی، ئاماژه‌گارییه‌کانی خۆی، بۆ مێژوویه‌ک، شێوازێک له‌ژیان ده‌کاته‌وه. شوێن ده‌بێته‌ته‌عبیر له‌بیروڕاکان بێئه‌وه‌ی بگوترێن، بێئه‌وه‌ی به‌زه‌قی ئاماژه‌ی بۆ بکرێت. شوێن وه‌ک پارکێک، شه‌قامێک، فولکه‌یه‌کی تایبه‌ت، ته‌لاسازییه‌ک، گۆڕپانێک ده‌بێته ئاماژه‌یه‌ک بۆ ئاماژه بۆکراوێک، بۆ بیره‌وه‌ریه‌ک، بۆ ڕووداوێک، بیروڕایه‌ک، بزوتنه‌وه‌یه‌کی هونه‌ری، یان ئه‌ده‌بی و فیکری..هتد. شوێن له‌م خوێندنه‌وه سه‌ره‌تاییه‌دا ته‌عبیره له‌زه‌مه‌نێک که‌زه‌مه‌نی واقیعی خۆی نییه، به‌ڵکو زه‌مه‌نێکه ته‌عبیره له‌خه‌ونی مرۆڤه‌کان له‌به‌رامبه‌ر دنیا. له‌وانه‌یه گۆڕه‌پانی ڕزگاری له‌به‌غدا و منۆمێنتی ئازادی (جه‌واد سه‌لیم) باشترین نمونه بێت، که‌له‌ده‌ره‌وه‌ی زه‌مه‌نی سیاسی هه‌موو حکومه‌ت و نه‌ته‌وه‌چێتیه‌کی عه‌ره‌بی، هه‌ڵگری ماناکانی ئازادیی و ئیستاتیکایه. ئازادییه‌ک که‌زه‌مه‌نی هونه‌ر به‌خشیویه‌تی به‌گۆڕه‌پانه‌که. لێره‌وه هونه‌ر تێکه‌ڵی زه‌مه‌نی تایبه‌تی شوێن ده‌بێت، نه‌ک زه‌مه‌نی حکومه‌ت و سیاسه‌ته‌کان.. سه‌هۆڵه‌که له‌م گۆشه‌نیگایه‌یه‌وه ئه‌و شوێنه بووه له‌سلێمانی که‌ته‌عبیر بووه له‌خه‌ونی نه‌وه‌یه‌کی دڵشکاو و ڕۆح بریندار. نه‌وه‌یه‌ک له‌جه‌نگه‌کانه‌وه بۆ مه‌نفاکانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات و مه‌نفاکانی ژیان، بۆ نێو زۆنگای پارتی و یه‌کێتی، که‌جگه له‌نائومێدی چی‌تریان پێ نه‌به‌خشراوه. شه‌ڕی ناوخۆی پارتی و یه‌کێتی ئه‌و گردبوونه‌وه جوانه‌ی له‌و شه‌قامه‌دا کوشت، ئیدی یه‌ک له‌دوای یه‌ک له‌هیچ شوێنێک ئۆقره‌مان نه‌ده‌گرت، ئه‌مجاره دوژمن له‌ده‌ره‌وه‌ی ئێمه نه‌بوو، به‌ڵکو له‌نێو خۆماندا، ماناکانی هاوڕێیه‌تی و دراوسێیه‌تی و هاوشاری و کوردبوونی ڕاپێچی شه‌ڕێکی بێ‌مانا کردبوو، له‌گه‌ڵ ڕووخانی ئه‌و مۆڕاله ساکارانه‌ی ژیاندا، سه‌هۆڵه‌که بوو به‌شوێنی چاوه‌ڕوانی سه‌فه‌رێک بۆ به‌جێهێشتنی نیشتمان، ئیدی ڕیشۆڵه‌کان یه‌ک له‌دوای یه‌ک، وه‌ک ته‌یب ساڵحی ڕۆمانوسی سودانی ده‌ڵێت: به‌ره‌و باکور کۆچیان کرد...زۆربه‌ی هونه‌رمه‌ند و ئه‌دیبه‌کان، وجودیه‌کانی نێو باخچه‌که سه‌هۆڵه‌که‌یان چۆڵکرد، سه‌یر له‌وه‌دایه چایچیه‌که‌ی هاوڕێمان، خاوه‌ن چایخانه بچوکه‌که‌مان، ئه‌وێش دوای کۆچی ئێمه جانتای پێچایه‌وه و کۆچی کرد. ئیدی سه‌هۆڵه‌که وه‌ک شوێن له‌سمبۆله‌کانی ڕووتده‌بۆوه، ئه‌وه‌ی که‌مابۆوه ته‌نها ئه‌و ناوبانگه‌ی بوو وه‌ک شوێنێک بۆ خه‌وبینینی نه‌وه خه‌وبینه‌ره‌کانی جه‌نگ...
ئه‌م بیۆگرافیای شوێنه جارێکی دیکه سمبۆله‌کانی خۆی به‌رهه‌مدێنێته‌وه، کاتێک له‌وبه‌ر جاده‌که (سه‌روه‌ت ئه‌حمه‌د سه‌وز) ی هونه‌رمه‌ند به‌ڕووداوی ئۆتۆمبێل له‌به‌رده‌م سه‌هۆڵه‌که گیان له‌ده‌ستده‌دات. ئیدی سه‌هۆڵه‌که له‌ساڵانی دوایدا ده‌بێته شوێنای ساڵیادی سه‌ره‌وه‌ت سه‌وزی هونه‌رمه‌ند، ده‌بێته شوێنای ئه‌و نوسه‌ر و ڕۆژنامه‌نوسانه ئازادانه‌ی له‌وێ، ئه‌مجاره‌یان به‌پێچه‌وانه‌ی زه‌مه‌نی ئێمه‌ی کۆچکردوو، له‌و‌سه‌ری ئه‌وسه‌ر کۆده‌بنوونه‌وه.
کاتێک من و هاوڕێکانم له‌مه‌نفا ده‌گه‌ڕێینه‌وه، ده‌زانین له‌وێ یه‌کتری ده‌بینین، تاوه‌کو جارێکی دیکه‌ی ئێواران له‌گه‌ڵ نوسه‌ر و شاعیر و ڕۆژنامه‌نوسه خه‌وبینه‌ره به‌ته‌مه‌ن گه‌نجه‌کان گفتوگۆبکه‌ین. ده‌بێت ئاماژه‌به (گه‌له‌ری ئارام) بکه‌م، که‌ژێرزمینه‌کی کولتوریه و ئێستا بۆته جێگای سازدانی چه‌نده‌ها کۆڕ‌و پێشانگای تایبه‌ت. گه‌له‌ری ئارام شوێنێکه به‌ده‌ر له‌هۆڵه‌کانی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری دوورپه‌رێز له‌کولتور، جێگای ئه‌و خه‌وبینه‌رانه‌یه که‌خاوه‌نی تێزی ڕه‌خنه‌ی جیدین له‌ده‌سه‌ڵات و کۆمه‌ڵگه. به‌م شێوه‌یه شه‌قامی سه‌هۆڵه‌که هه‌میشه ئه‌و بواره بووه که‌له‌ده‌ره‌وه‌ی کایه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی حکومیه‌وه، شوێنی ئۆپۆزیسیۆنێکی ڕۆشنبیری بووه که‌ته‌مه‌نی له‌ئۆپۆزیسیۆنی هه‌نووکه‌یی درێژتره، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه ئه‌م جاره ئه‌م دووئۆپۆزیسیۆنه، ڕۆشنبیری و سیاسی، شوێنێک بۆ خۆیان و هه‌واداره‌کانیان ده‌دۆزنه‌وه، که‌شه‌قامی سه‌هۆڵه‌که‌یه..
ئێستا سه‌هۆڵه‌که له‌شوێنی قسه‌کردن له‌سه‌ر هونه‌ر و سینه‌ما و شانۆ و ڕه‌خنه‌ی فیکریه‌وه بۆته شوێنه‌ک که‌لایه‌نگرانی بزو‌اتی گۆڕانی له‌خۆ گرتووه، هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌وه سه‌هۆڵه‌که له‌م ماوه‌یه‌ی دوایه‌دا جێگای گفتو‌گۆ بوو له‌سه‌ر پڕۆژه‌ی ڕه‌هه‌ند و ڕۆشنبیرانی، جێگه‌ی گفتو‌گۆ بووه له‌سه‌ر تێزی ڕه‌خنه‌یی و قسه‌کردن له‌سه‌ر چیرۆک و ڕۆمان و وه‌رگێڕان. هه‌موو پڕۆژه‌ی کتێبه‌کان له‌وێ تاتوێده‌کران و قسه‌یان له‌سه‌ر ده‌کرا، ئه‌مانه هه‌موو له‌ده‌ره‌وه‌ی وه‌زاره‌ت و ده‌زگا به‌نێو ڕۆشنبیره‌کانی حیزب ڕوویده‌دا. کاتێکیش گفتو‌گۆ له‌گه‌له‌ری ئارام یان هه‌ر هۆڵێکی دیکه کۆتایی پێده‌هات، دوایی له‌سه‌هۆڵه‌که و‌له‌گه‌ڵ چایی خواردنه‌وه‌دا درێژه‌ی پێده‌درا.
هه‌ڵبژاردنی ئه‌م شوێنه به‌و عه‌فه‌ویه‌ته‌وه بۆ لایه‌نگرانی بزو‌اتی گۆڕان، ئاماژه‌یه بۆقورساییه‌ی ئه‌م شوێنه‌یه، که‌به‌خۆی و ئه‌و بیۆگرافیایه نه‌نوسراوه‌یه‌وه ده‌یخاته سه‌رشانی ئه‌ولیسته، به‌وه‌ی ده‌بێته هه‌ڵگری په‌یامێک بۆ خه‌ونبینین به‌دواڕۆژه‌وه. پێویسته ئاماژه‌ش به‌وه‌بکه‌ین که‌له‌هه‌ڵبژاردنی یه‌که‌م و هه‌ڵبژاردنه‌کانی دیکه‌دا، شوێنێک نه‌بوو ئاوه‌ها عه‌فه‌ویانه ببێته جێگایه‌ک بۆ کۆبوونه‌وه‌ی لایه‌نگرانی لیستێک و پارتێکی تایبه‌ت. شکستی پارتی و یه‌کێتی له‌وه‌ی بتوانن شوێنێک بێ تۆبزی و زۆرکردن و به‌کارهێنانی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان، بۆ خۆیان بکه‌ن به‌ڕووبه‌رێک بۆ ته‌عبیرکردن له‌بیروڕاکانیان، گه‌واهی ئه‌و دوورکه‌تنه‌وه گه‌وه‌ره‌یه‌ی ئه‌و دوو حیزبه‌یه له‌شوێن و خه‌ڵکانی ئه‌م کۆمه‌ڵگه‌یه. ئاماژه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی که‌هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ی پارتی و یه‌کێتی شکستی هێنا بۆ قۆرخکردنی شوێنه‌کان، بۆکردنی به‌شانۆیی سه‌روه‌رییه‌کانیان، بۆ ئه‌وه‌ی ببێت به‌شوێنێک هه‌ڵگری سۆزداریه‌ک بێت بۆ ئه‌وان. له‌سه‌ره‌تای ده‌سه‌ڵاتیانه‌وه هه‌ردوو پارتی ده‌سه‌ڵاتدار هه‌وڵیاندا شوێنه‌کان به‌زۆر و هێزی پاره بکه‌ن به‌شوێنێک بۆ ڕه‌مزه‌کانی خۆیان، ته‌نانه‌ت له‌ناولێنانی فولکه‌و ته‌رخانکردنی په‌یکه‌ر بۆ شه‌هیده‌کان، زۆر ناعادیل و سته‌مکارانه هه‌ڵس وکه‌وتیان کرد، ئه‌میان کرد به‌شه‌هیدی سه‌نگه‌ر و ئه‌و به‌هی سه‌رجێگا و ئه‌ویتر به‌سه‌رکرده و ئه‌ویتر به‌شتێکی دیکه، هه‌ڵبژارده‌یه‌کی گاڵته‌جارانه‌یان له‌نێو ڕیزی شه‌هیده‌کان و هه‌ڵاوێرده‌ی یاده‌وه‌ریه‌کانیانداکرد، به‌جۆرێک ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ترسناکی هه‌بوو له‌سه‌ر ڕووبه‌ری شاره‌کان. شوێنه‌کان له‌یاده‌وه‌ری خه‌ڵکیدا چیتر پابه‌ند نه‌مابون به‌مێژووی خۆیانه‌وه، به‌ڵکو ناسنامه‌ی په‌له‌و ساخته‌یان به‌به‌رۆکدا ده‌کرا. له‌هه‌موو لایه‌که‌وه ئه‌و به‌ڕبه‌ڕیه‌ته‌ی بیرکرنه‌وه و ئه‌قڵه کاڵفامه سیاسیه گاڵته‌ی به‌شوێنه گشتیه‌کان، به‌فولکه‌کان، به‌جاده‌کۆنه‌کان شار و نه‌خشه‌کانی شاری کۆن، هه‌ولێری کۆن، سلێمانی کۆن و سینه‌ما و جاده و شه‌قامه کۆڵانه‌کۆنینه‌کانی ده‌کرد. قه‌ڵای هه‌ولێر له‌خه‌ڵکه دێرینه‌کانی بێبه‌شکرا و ئیدی شاره‌کان له‌ڕووی ئارخیته‌کتۆر و بیناسازیه‌وه به‌ر هێرشی گه‌نده‌ڵی ده‌سه‌ڵات که‌وت. ئیدی په‌یکه‌ری (نالی) ده‌خرێته نێو باخچه‌ی گشتی و (جه‌واهیری) له‌به‌ر خواستی سه‌رۆک ده‌بێته په‌یکه‌رێکی دیار و زه‌ق و ئاشکرا له‌شاره‌که‌مان. فولکه بۆ قه‌زافی دیکتاتۆر داده‌نرێت ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دانی به‌کوردا ناوه، به‌بێ ڕه‌چاوکردنی ئه‌و توخمه سته‌مکاریه‌ی ئه‌و زاته، که‌وڵاتی خۆی پێ به‌ڕێوه‌ده‌بات. هێرشکردنی پارتی و یه‌کێتی بۆ سه‌ر شوێن، له‌ڕووخانی سینه‌ماکانی شاره بیگره ، تاوه‌کو تێکدانی سیمای شار و قه‌ڵاکانمان و هه‌وڵدان بوو بۆ کردنینان به‌ڕووخسارێک بۆ ته‌عبیرکردن له‌خواستی حزب و ده‌سه‌ڵات..
هێرشکردنه له‌سه‌ر یاده‌وه‌ریه‌ک که‌ئه‌ز به(یاده‌وه‌ری شوێن) ناوی ده‌به‌م، هه‌وڵدانێکه بۆ له‌ناوبردنی (زه‌مه‌نی شوێن) که‌ده‌رئه‌نجامی په‌یوه‌ندیه‌کی قوڵه، له‌نێوان مرۆڤ و شوێندا دروست بووه. ده‌سه‌ڵات وه‌ک خۆی کار له‌سه‌ر هه‌موو توخمه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ده‌کات، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی بێ‌ئاگا و مۆنۆپۆڵخوازی کوردی نه‌ک گرنگی به‌مێژوی شوێنه‌کان نادات، به‌ڵکه ده‌یه‌وێت شوێن بکاته شانۆیه‌ک بۆ کاڵفامیه‌ت و به‌ڕبه‌ڕیه‌تی حیزبیانه‌ی خۆی. ئیدی ترۆپکی ڕقی خه‌ڵک له‌و هێرشه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردی بۆسه‌ر شوێن، له‌سوتاندنی عه‌فه‌ویانه مۆنمێنتی هه‌ڵه‌بجه‌دا وه‌ڵامی ده‌درێته‌وه. گه‌ر به‌ووردی تێبینی ئه‌و په‌یوه‌ندیه ئالۆزه‌بکه‌ین له‌نێوان شوێن و ده‌سه‌ڵاتی کوردی‌دا، ئه‌و سته‌مکاریه هه‌ستپێده‌که‌ین که‌ده‌سه‌ڵاتی کوردی له‌به‌رامبه‌ر شوێن له‌کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا پیاده‌ی کردووه. گۆڕینی سیمای شاره‌کان به‌بێ ڕه‌چاوکردنی هیچ پڕنسیبێکی مێژوویی و پلانسازی شاره‌کان، دروستکردنی پردی ناشرین له‌نێوه‌ڕاستی شاره‌کاندا، دروستکردنی به‌نداو، که‌به‌یه‌که‌م لێزمه باران ده‌ڕووخێت، ته‌واونه‌کردنی کارکردن له‌سه‌ر شه‌قام و شوێنه گشتیه‌کان، که‌بۆته هۆی تێکدانی شوێنه‌کان و به‌جێهێشتنی له‌نیوه‌دا بۆ چاره‌نوسی خۆی. ئه‌مه‌و زۆر نمونه‌ی دیکه ئه‌قڵی ئیداری گه‌نده‌ڵ له‌په‌لاماردانیدابۆ شوێن ئه‌و نشوستیه گه‌وره‌یه نیشانده‌دات که‌ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر شوێندا ده‌یسه‌پێنێت. ئه‌م ئاماژه‌گه‌راییه‌ی شوێن وه‌های کردووه که‌ڕووبه‌ری شاره‌کان ببن به‌جێگای زۆرانبازی و نمایش‌کردنی ئاماژه‌کانی ده‌سه‌ڵات بۆ سه‌ر شوێن. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌موو هه‌وڵانه‌دا له‌گه‌ڵ کردنه‌وه‌ی پارکی ئازادی و شه‌هیده‌کانه‌وه بیگره، تاوه‌کو ده‌گاته ناولێنانی شوێنه‌کان به‌ناوی سه‌روه‌رییه‌کانی خۆیانه‌وه. ئه‌و دووپارته‌نه‌یه‌نانتوانیووه قه‌ناعه‌ت به‌هاوڵاتیه‌ک بکه‌ن له‌خۆڕا ڕه‌مز و هێماکاریه‌کانی ئه‌و شوێنایه به‌هه‌ند وه‌ربگرێت. نه‌یتوانیوه شوێنێکیان هه‌بێت خه‌ڵک له‌خۆیه‌وه، له‌خۆڕا و عه‌فه‌ویانه و له‌سۆزداریه‌وه، نه‌ک به‌زۆر، ڕووی تێبکات و هه‌ست به‌وه‌بکات له‌م شوێنه‌دا ئه‌م هێمایه‌نه‌ی ده‌سه‌ڵات زیندوون. به‌پێچه‌وانه‌وه خه‌ڵکی له‌و شوێنانه دوورده‌که‌وێته‌وه، که‌هێمان بۆ ده‌سه‌ڵاتی کوردی، له‌و ڕه‌مزانه بێزارن که‌ئه‌و شانازیان پێوه ده‌کات، له‌هه‌ندێک بۆنه‌شدا به‌ر توڕه‌یی خه‌ڵک ده‌که‌ون. به‌ڵام کاتێک شه‌قامی سه‌هۆڵه‌که به‌و ئاماژانه‌ی خۆیه‌وه، به‌و یاده‌وه‌ریه‌ی شوێنه‌وه عه‌فه‌ویانه ده‌بێته شوێنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و گه‌نجانی نامورادی شار و خوێندنه‌وه‌ی شیعر و هه‌ڵچوونی گه‌نجان، کاتێک سه‌هۆڵه‌که ده‌بێته شوێنێک بۆ که‌رنه‌ڤاڵێکی هه‌ڵبژارن و بزو‌اتی گۆڕان. کاتێک شه‌قامێک ده‌بێته شوێنایه‌ک بۆ ته‌عبیرکردن له‌ئازادی بیروڕاو وئازادی قسه‌کردن و ڕووبه‌ڕ ووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا، کاتێگ بزواتێکی تایبه‌ت توانای ئه‌وه‌ی ئه‌بێت، ئاشنا بێت به‌یاده‌وه‌ری و زه‌مه‌نی شوێنێک که‌خاوه‌نی مێژوویه‌کی نه‌نوسراوی خۆیه‌تی، کۆده‌کانی شوێنێکی ئاوه‌ها بدۆزێته‌وه که‌ئاماژه‌کارییه بۆ یاده‌وه‌ری و چه‌نده‌ها چیرۆکی خه‌ون و پرۆژه‌ی ناته‌واوی نه‌وه‌کان. کاتێک بزواتێک له‌گه‌ڵ ئه‌و ئاماژانه‌دا ئاشتده‌بێته‌وه و دیالۆگی له‌گه‌ڵدا ده‌کات، یاخود ئه‌و شوێنه له‌گه‌ڵ بزواتێکدا یه‌کده‌گرێته‌وه و کۆده‌کانی خۆی تێکه‌ڵی ڕه‌مزه‌دیاره‌کانی ئه‌و ده‌کات. ئه‌وسا پێویسته پرسیار له‌و شوێنه‌بکه‌ین که‌ده‌بێت ئه‌و شوێنه، شوێنای کۆبوونه‌وه‌ی چ توێژێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌وه‌یه‌که له‌کۆمه‌ڵگه‌دا!، ئه‌وسا ده‌توانین له‌و ئاشنایه‌تیه تێبگه‌ین که‌له‌نێوان شوێنێکی دیاریکراو و بزواتێکی سیاسی و کۆمه‌لایه‌تی دیاریکراودا خۆی ڕایه‌ڵکردووه. سه‌هۆڵه‌که هه‌میشه شوێنێک بووه بۆ خه‌وبینینی گه‌نجان به‌و کیژانه‌ی به‌به‌رده‌میاندا تێده‌په‌ڕن، هه‌میشه شوێنێک بووه بۆ خه‌ونبینین به‌هونه‌ر و ئه‌ده‌بێکی باڵاوه، شوێنێک بووه بۆ هه‌موو ئه‌و نائومێدانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردی نائومێدی کردوون.. لێره‌وه شه‌قامی سه‌هۆڵه‌که به‌و هه‌موو قورساییه مێژووییه‌ی خۆیه‌وه، ده‌بێته شانۆیه‌ک بۆ نمایش‌کردنی که‌رنه‌ڤاڵی گۆڕان. له‌هه‌مانکاتیشدا هه‌موو ئه‌و ئومێدانه نیشانده‌دات که‌له‌لیستی گۆڕان چاوه‌ڕوانده‌کرێت. شه‌قامی سه‌هۆڵه‌که‌سه‌ڕه‌ڕای هه‌موو ئه‌و ئاهه‌نگسازیه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌سه‌ری نمایشده‌کرێت، هه‌میشه شوێنایه‌که بۆ خه‌ونی نه‌وه‌کان، شوێنێکه بۆ خه‌وبینه‌ره‌کان.... |